عێراق ڕەتیدەكاتەوە كایەی ئاسمانیی وڵاتەكەی داخستبێت، وەك ئەوەی میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردووەتەوە.
بەشێك لە میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە، دوای هێرشەكانی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا، بەشێك لە چاودێرانی ئاسمانی مانیان لە كاركردن گرتووە و بەهۆیەوە جووڵەی ئاسمانی لە كایەی ئاسمانی عێراق وەستاوە، بەڵام نزار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتیی خزمەتگوزارییەكانی ئاسمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەو دەنگۆیەی بە تەواوەتی ڕەتكردەوە، “تەواوی وردەكارییەكەی ناڕاستە”.
بەرپرسە عێراقییەكە دووپاتیكردەوە، جووڵەی هاتن و ڕویشتن لە فڕۆكەخانەی بەغداد و فڕۆكەخانەكانی دیكە بەردەوامن، “تەنانەت لە ماوەی ڕابردوودا هاتوچۆ بە كایەی ئاسمانیی عێراقدا زیادیكردووە”.
بۆیە داوایكرد میدیاكان هەواڵ و زانیاری لە سەرچاوە باوەڕپێكراو و فەرمییەكانەوە وەرگرن.