قوباد تاڵەبانی: ئەو نوێبوونەوەیەی كۆنگرەی چوار بەدیینەهێنا، پێویستە “دیداری یەكێتی” ‏بەدییبێنێت

سه‌رپه‌رشتیاری مه‌كته‌بی سكرتارییه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “دیداری یه‌كێتی” ده‌یه‌وێت چه‌ندین ته‌وه‌ری جێی بایه‌خی ئێستا و ئاینده‌ی حزبه‌كه‌، پێداویستی و كێشه ‌و پێشهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ تاوتوێ بكات، ده‌شڵێت، ئەو نوێبوونەوەیەی كۆنگرەی چوار بەدیینەهێنا، پێویستە “دیداری یەكێتی” ‏بەدیبێنێت.

قوباد تاڵه‌بانى له‌ وتارێكدا كه‌ له‌باره‌ى دیدارى یه‌كێتى نووسیویه‌تى ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، “ڕاسته‌ له‌ كۆنگرەی چوار كه‌ ناوی (كۆنگره‌ی نوێبوونه‌وه‌ ئه‌م دیداره‌ بانگه‌وازێكی هه‌ڤاڵانه‌و نیشتمانییانه‌یه‌ بۆ تاوتوێ كردنی واقعی ئێستای یه‌كێتی و ناسنامه‌كه‌ی، بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گوتاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌پێدانییه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ دیدگایه‌كی نوێوه‌ ئاماده‌بێت ئه‌ركه‌كانی سه‌رشاشنی جێبه‌جێ بكا و سه‌ره‌نجام باشتر خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و خاكی كوردستان بكات، بۆ سبه‌ینێیه‌كی باشتر كوردستانێكی ئاوه‌دان بۆ هه‌مووان، بێ جیاوازی، فه‌راهه‌م بكات).

ده‌شڵێت، “له‌م چوارچێوه‌یه‌دا( دیداری یه‌كێتی) ده‌یه‌وێت چه‌ندین ته‌وه‌ری جێی بایه‌خی ئێستاو ئاینده‌ی حزبه‌كه‌مان، پێداویستی و كێشه‌ و پێشهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان، ئه‌زموونی سیاسی گه‌له‌كه‌مان تاوتوێ بكات، چونكه‌ پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگا و سه‌رده‌م له‌ ئاستی كوردستان و ده‌ره‌وه‌شدا ئه‌م هه‌وڵ و كۆششه‌ تازه‌یه‌ ده‌خوازێت، پێویستمان به‌وه‌یه‌ له‌هه‌موو سێكته‌ره‌كاندا، دیدی نوێ و ده‌سپێشخه‌ری یه‌كێتییانه‌ بێنینه‌ كایه‌وه‌”.

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا سه‌رپه‌رشتیاری مه‌كته‌بی سكرتارییه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال نووسیویه‌تى، “(دیداری یه‌كێتی) كه‌ به‌ په‌رۆشییه‌وه‌ ‌ده‌ستمان داوه‌تێ و مه‌به‌ستمانه‌ له‌ فراوانترین و به‌رزترین ئاستدا سه‌رپێی بخه‌ین. له‌م ڕوانگه‌وەیه‌وه‌ ده‌بێته‌ دیداری خه‌مخۆری و هه‌وڵی یه‌كێتییانه‌یه‌ بۆ نوێبونه‌وه‌و چاكسازی و به‌هێزكردنی پێگه‌ی یه‌كێتییه‌ له‌ هه‌موو ئاسته‌كان.”

ده‌قی وتاره‌كه‌:

دیداری یه‌كێتی… بۆچی؟

ساڵی 1975 كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال و هه‌ڤاڵانی ده‌ستیان به‌ خه‌باتی نوێی كوردایه‌تی كرد و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیان دامه‌زراند، به‌ ئامانجی روونه‌وه‌ هێڵه‌ گشتییه‌كانی بیڕوڕای یه‌كێتییان داڕشت. ئه‌و كاته‌، گفتوگۆی چڕی هه‌ڤاڵانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ یه‌كێتی بگاته‌ گه‌ڵاڵه‌ی ستراتیجێكی پێشكه‌وتنخواز و دیموكرات و كوردانه‌ له‌ پێناو خزمه‌تكردنی گه‌لی كوردستان و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سته‌م و تاوانه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی عێڕاق، به‌جۆرێك کە‌ له‌ توانایدا بێت گه‌لی كوردستان له‌ نائومێدییه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می نوێی و تێكۆشان، به‌م هیوایه‌وه‌ له‌ شه‌وه‌زه‌نگی نائومێدیدا چرای ئومێدی هه‌ڵكرد.

سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ نامیلكه‌ی( یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆچی؟) كۆبه‌ندی هیواو ئاواته‌كان، پرسیار و وه‌ڵامه‌كانی كرده‌ رێنوێنی یه‌كێتییه‌كان و نامیلكه‌ی گیرفانی پێشمه‌رگه‌و كادیران و ئه‌ندامانی یه‌كێتی، هه‌ر له‌م نامیلكه‌یه‌دا شوناس و ئه‌ركی تێكۆشه‌رانی ناو یه‌كێتیشی دیاری كرد.

دیاره‌ له‌ هه‌موو قۆناخێكی سیاسیدا، پرسیاری نوێ دێته‌ ئاراوه‌و وه‌ڵامی یه‌كێتییانه‌ش هه‌ر ده‌بێ پڕ به‌پێستی ئه‌ركه‌كانی هه‌لومه‌رجی نوێ بێت. قۆناخی تازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان پێویستی به‌ پرسیاری تازه‌و وه‌ڵامی تازه‌ش هه‌یه‌.

له‌ هه‌موو وێستگه‌كانی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان و عێڕاق و بۆنه‌كانی تری جه‌ماوه‌ریدا، له‌ كاتی كۆبونه‌وه‌و گفتوگۆی هه‌ڤاڵانه‌شم له‌گه‌ڵ كادیر و دڵسۆزانی یه‌كێتی، ڕووبه‌ڕوی ئه‌م پرسیارانه‌‌ ده‌بمه‌وه‌: یه‌كێتی چی پێیه‌ بۆ دواڕۆژی كوردستان؟ پلان، ستراتیج و دیدگای چییه‌ بۆ پرس و بابه‌ته‌ هه‌مه‌جۆره‌كان؟ ڕاسته‌ یه‌كێتی‌ مێژوویه‌كی پڕ شانازی و ده‌سكه‌وتی دیاری هه‌یه‌، كاروانێكی دورو‌درێژی شه‌هیدان و خه‌باتێكی هه‌مه‌لایه‌نی فیكری و سیاسی هه‌یه‌ له‌ سه‌رخستنی پرسی ره‌وای گه‌له‌كه‌ماندا، سه‌ركرده‌ی مه‌زنی وه‌ك مام جه‌لالی پێشكه‌شی كوردستان كردوه‌، له‌ چه‌ندین بواری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوریدا ده‌ستپێشخه‌ر بووه‌، به‌ڵام هێشتا پرسیاری زۆر ماون كه‌ یه‌كێتی چی پێیه‌ بۆ دوارۆژ و ئاینده‌ی نه‌وه‌كانی داهاتوو؟ له‌هه‌مان كاتدا له‌ واقعی ئێستادا كێشه‌ راسته‌قینه‌كانی به‌رده‌م یه‌كێتی چییه‌ و چۆن بتوانێ له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا دونیابینی خۆی نوێ بكاته‌وه؟ یه‌كێتییه‌كان ده‌پرسن و هه‌قیشیانه، ئاخۆ ئیتر به‌ چ دڵنیایی و متمانه‌یه‌كه‌وه‌ پڕۆژه‌ی یه‌كێتی و ستراتیجمان بۆ(ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چاره‌ی خۆنوسین) سه‌ربخه‌ن؟

پرسیاره‌كان كه‌ لێمان ده‌كرا و خۆشمان له‌ناوخۆمان تاوتۆی ده‌كه‌ین، پرسیاری ڕاست و ره‌واو به‌جێن. یه‌كێتییه‌كانیش ئه‌م پرسیارانه‌ له‌ خۆیان ده‌كه‌ن و به‌دوای وه‌ڵامدا ده‌گه‌ڕێن كه‌ هه‌م درێژه‌ی رێگای تێكۆشانی چوار ده‌یه‌ی رابڕدوو بێت و هه‌میش ئاسۆی روونی دواڕۆژی گه‌له‌كه‌مان نیشان بدات. له‌م پێناوه‌دا ‌ ئێمه‌ دیالۆگ و دیداری چڕوپڕمان پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ بیر له‌ گه‌ڵاڵه‌یه‌كی پڕو ده‌وڵه‌مه‌ند و كاریگه‌ر بكه‌ینه‌وه‌. تا سه‌ره‌نجام شوناسی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كێتیش رونترو جیاوازییه‌كانی به‌رچاوتر بێ بۆ هه‌مووان.

به‌شانازییه‌كی زۆره‌وه‌ هه‌ڤاڵانم له‌ مه‌كته‌بی سیاسیی و ئه‌نجومه‌نی سه‌كردایه‌تی ئه‌م ئه‌ر‌كه‌یان پێ سپاردم كه‌ دیداری یه‌كێتی ساز بكه‌ین و سیاسه‌ت و دیدی یه‌كێتی له‌م قۆناغه‌ نوێیه‌دا دیاری بكه‌ین له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌نده‌ش داواده‌كه‌م هه‌موو هه‌ڤاڵانم هاوكار بن بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ شان بده‌ینه‌ به‌ر ئه‌م ئه‌ركه‌ حزبییه و جێبه‌جێی بكه‌ین‌.

(دیداری یه‌كێتی) كه‌ به‌ په‌رۆشییه‌وه‌ ‌ده‌ستمان داوه‌تێ و مه‌به‌ستمانه‌ له‌ فراوانترین و به‌رزترین ئاستدا سه‌رپێی بخه‌ین. له‌م ڕوانگه‌وەیه‌وه‌ ده‌بێته‌ دیداری خه‌مخۆری و هه‌وڵی یه‌كێتییانه‌یه‌ بۆ نوێبونه‌وه‌و چاكسازی و به‌هێزكردنی پێگه‌ی یه‌كێتییه‌ له‌ هه‌موو ئاسته‌كان.

هه‌ڤاڵان! راسته‌ له‌ كۆنگرەی چوار كه‌ ناوی ((كۆنگره‌ی نوێبوونه‌وه‌ ))بوو، گۆڕانكاری و نووێبونه‌وه‌ له‌ پێكهاته‌و هه‌ندێ له‌ كاراكته‌ره‌كان كرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر چه‌ندین هۆ، كۆنگره‌ی چواریش نه‌بووه‌ هۆی نوێبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری و راسته‌قینه‌ له‌ فكر و دیدی سیاسیمان بۆ ئاینده‌و دواڕۆژی یه‌كێتی و وڵاته‌كه‌مان. بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌م دیداره‌ نوێبوونه‌وه‌ی جه‌وهه‌ری و راسته‌قینه‌‌‌ بكاته‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆی و په‌ره‌ی پێبدا، ئه‌م ئه‌ركه‌ش به‌لای منه‌وه‌ چه‌ند حیزبییه‌ ئه‌وه‌نده‌ش نیشتیمانی و ئه‌خلاقییه‌. چونكه‌ بوونی یه‌كێتییه‌كی به‌هێز گره‌نتی پاراستنی ئازادییه‌كان و به‌دیهێنانی خواستی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی وه‌فاو پێزانینه‌ بۆ خه‌باتی شه‌هیدان و ئه‌وانه‌ی له‌ رابڕدوی خه‌باتی یه‌كێتی و كوردایه‌تیدا ره‌نجیان داوه‌و ماندو بوون.

ئه‌م دیداره‌ بانگه‌وازێكی هه‌ڤاڵانه‌و نیشتمانییانه‌یه‌ بۆ تاوتوێ كردنی واقعی ئێستای یه‌كێتی و ناسنامه‌كه‌ی، بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گوتاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌پێدانییه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ دیدگایه‌كی نوێوه‌ ئاماده‌بێت ئه‌ركه‌كانی سه‌رشاشنی جێبه‌جێ بكا و سه‌ره‌نجام باشتر خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و خاكی كوردستان بكات، بۆ سبه‌ینێیه‌كی باشتر كوردستانێكی ئاوه‌دان بۆ هه‌مووان، بێ جیاوازی، فه‌راهه‌م بكات.

له‌م چواچێوه‌یه‌دا( دیداری یه‌كێتی) ده‌یه‌وێ چه‌ندین ته‌وه‌ری جێی بایه‌خی ئێستاو ئاینده‌ی حزبه‌كه‌مان، پێداویستی و كێشه‌و پێشهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان، ئه‌زموونی سیاسی گه‌له‌كه‌مان تاوتوێ بكات، چونكه‌ پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگا و سه‌رده‌م له‌ ئاستی كوردستان و ده‌ره‌وه‌شدا ئه‌م هه‌وڵ و كۆششه‌ تازه‌یه‌ ده‌خوازێت. پێویستمان به‌وه‌یه‌ له‌هه‌موو سێكته‌ره‌كاندا، دیدی نوێ و ده‌سپێشخه‌ری یه‌كێتییانه‌ بێنینه‌ كایه‌وه‌.

هه‌ڤاڵان! با راشكاو بین ‌و به‌ كراوه‌یی قسه‌ بكه‌ین، ئێمه‌ی یه‌كێتی ده‌مێكه‌ تووشی چه‌ندین كێشه‌و گرفتی هه‌مه‌جۆر بوینه‌ته‌وه‌، كه‌ زۆر جار باجی قورسمان له‌سه‌ری داوه‌، ئه‌گه‌ر بۆ داهاتوش به‌ جدی ودڵسۆزانه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌رو تێپه‌ڕاندنیان نه‌ده‌ین، دوور نییه‌ توشی كێشه‌و گرفتی گه‌وره‌تر نه‌بین. جگه‌ له‌وه‌ش دۆخی تازه‌ی كۆمه‌ڵگاو هه‌لومه‌رجی ئابوری و سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی نوێ، پرسیارو كێشه‌و ئه‌رك و پێداویستی نوێی هێناوه‌ته‌ كایه‌وه‌، كه‌ وا ده‌خوازێ دوودڵ نه‌بین له‌ گفتوگۆو راگۆڕینه‌وه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی كه‌موكوڕیه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره‌كان. بۆیه‌ پێمان وایه‌ دیالۆگ و گفتوگۆیه‌كی ڕاشكاوانه‌ی هه‌ڤاڵانی یه‌كێتیی له‌نێوخۆمان ، هه‌م گیانی هه‌ڤاڵێتیمان گه‌رموگوڕ ده‌كاته‌وه‌ و هه‌میش جوانترین و به‌ كه‌ڵكترین بیروباوه‌ڕه‌كان ده‌خاته‌ خزمه‌ت ده‌سپێكردنه‌وه‌یه‌كی نوێی تێكۆشانمان.

هه‌ڤاڵان! ئه‌م وتاره‌ بۆ ناساندنی سروشتی دیداره‌كه‌و له‌هه‌مان كاتدا داواكارییه‌كه‌ له‌ هه‌مو‌و هه‌ڤاڵانمان له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ ئه‌وه‌ی به‌شدارێكی كارا بن له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی و سه‌ره‌نجام له‌ گه‌شه‌پێدان و نوێكردنه‌وه‌ی گوتاری سیاسیی و فیكری یه‌كێتی لە ده‌یه‌ی سێیه‌می ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا: سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك.

هه‌ڵبه‌ت زیاتر له‌ په‌نجه‌ره‌یه‌ك و پتر له‌ رێوشوێنێكی كراوه‌ هه‌یه‌ تا بیروڕاكان له‌ خزمه‌ت دیداره‌كه‌ گه‌ڵاڵه‌ ده‌بن و پێكه‌وه‌ بیربكه‌ینه‌وه‌ بۆ خزمه‌تی دیدو ستراتیجی نوێی یه‌كێتی.

به‌و ئامانجه،‌ پیرۆزانه‌وه‌ هیوادارین رێوشوێنی پێویست بگرینه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی دیداری یه‌كێتی ببێته‌ دیداری گشت یه‌كێتییه‌كان.

هه‌ڤاڵانی خۆشه‌ویست

فه‌رمون له‌م وتاره‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكی فراوان ده‌سپێبكه‌ین، پێكه‌وه‌ كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، پێشمه‌رگه‌ وتێكۆشه‌رانی حزبایه‌تی و خه‌باتی پیشه‌یی و دیموكراتی خوێنكاران و لاوان، كچان و كوڕانی ئاینده‌خواز، رۆشنبیران و نوسه‌ران و ئه‌كادیمیانی ئه‌ندام و دۆستی یه‌كێتی، كه‌سایه‌تییه‌ ئایینی وئابوریناس و وه‌ر‌زشوانی خه‌مخۆری كوردستان، كارێك بكه‌ین دیداره‌كه‌ بكه‌ینه‌ بۆنه‌یه‌ك بۆ جۆشدانه‌وه‌ی حزبایه‌تی راسته‌قینه‌ له‌ پێناوی ئامانجه‌ دوورمه‌وداكانی حزبه‌كه‌ی مام دا. ده‌مه‌وێت هه‌موو هه‌ڤاڵان به‌شدار بن له‌ دیاریكردنی سیاسه‌ت و دیدی یه‌كێتی.

هه‌روه‌ها له‌م وتاره‌وه‌ ده‌مه‌وێت سه‌كۆی دیداری یه‌كێتیتان پێ بناسێنم. جگه‌ له‌ كۆڕو كۆبونه‌وه‌كانمان، ئه‌م سه‌كۆیه‌ش ده‌كه‌‌ینه‌ پردێكی په‌یوه‌ندی نێوانمان و زۆرترین دیدو پڕۆژه‌و بۆچونه‌كان كۆكه‌ینه‌وه‌ و ئاماده‌ی بكه‌ین‌ بۆ رۆژی دیداری یه‌كێتی كه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كات و شوێنه‌كه‌ی دیاری ده‌كرێن.

https://didar.kurdpuk.org

تا ڕۆژی دیداری یه‌كێتیی، به‌ هیوای دیدار… بۆ پێشه‌وه‌

قوباد تاڵه‌بانی

سه‌رپه‌رشتیاری مه‌كته‌بی سكرتارییه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال

بابەتی پێشتر

كاریگەرییە ئابورییەكانی هێرشەكەی ڕوسیا<br> بیتكۆین و ڕۆبڵ دابەزین و نەوت و زێر بەرزبوونەوە

بابەتی دواتر

كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share