ئومێد بەرۆشكی ئازادكرا، بەڵام جارێكی دیكە برایەوە ئاسایشی دهۆك

ئومێد بەرۆشكی

بە بڕیاری دادگا ئومێد بەرۆشكی، یەكێك لە چالاكوانانی بادینان ئازادكرا، بەڵام جارێكی دیكە بردرایەوە ئاسایشی دهۆك، پارێزەری چالاكوانان دەڵێت، هۆكارەكە نازانن.

لەلایەن دادگای كەتنی دهۆكەوە بڕیاری ئازادكردنی ئومێد بەرۆشكی، یەكێك لە چالاكوانە دەستگیركراوەكانی بادینان دەرچوو، ئەمەش پاش بەسەربردنی ماوەی سزاكەی كە یەك ساڵ و حەوت مانگ بوو.

بەشدار حەسەن، یەکێک لە پارێزەرانی دۆسیەی بەندکراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دادگا بڕیاریدا بە ئازادكردنی، بەڵام جارێكی دیكە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە گەڕێندرایەوە ئاسایشی دهۆك.

وتیشی، “نازانین هۆكارەكەی چییە، ئایا دۆسییەكی دیكەی لەسەرە، یان تەنها بۆ ڕێنوێنییە”.

كەسوكاری ئەو چالاكوانە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێن، سەرباری ئەوەی ئەمڕۆ دادگای كەتنی دھۆك بەپێی ماددەی 333 (الإفراج الشرطي) بڕیاری ئازادكردنی ئومێد حاجی بەرۆشكی دەركرد، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی زیندانی زڕکا لە دھۆك، ڕەتیكردەوە ئازادبكرێت.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “ئومێد ڕۆژنامەنوسێکی دلێری بادینانە و بێتاوانە، ھیوادارین پارتی و ئاسایش ھیچ سیناریۆیەکی دیکە بۆ ئامۆزامان دروستنەکەن و بە ئازادی و دیداری خێزانەکەی شاد ببێت”.

ڕۆژی 15ی ئایاری ساڵی ڕابردوو، یەك ڕۆژ پێش گردبوونەوەی ژمارەیەک مامۆستای دهۆک لە پارکی ئازادی لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی، كە ڕێکخەرانی سەرەکیی گردبوونەوەکە بوون، لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە دەستگیرکران.

هەڵمەتی دەستگیركردنی چالاكوان و ڕۆژنامەنووسان پاش خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی بوو كە لە ئابی 2020 لە زاخۆ ئەنجامدرا و دواتر توندوتیژی لێكەوتەوە و بەریەككەوتن لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیسدا ڕوویدا.

زۆرینەی ئەو دەستگیركراوانە تۆمەتی “تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی”یان ڕووبەڕووكراوەتەوە، لەنێویاندا پێنج كەسیان لە ناوەڕاستی شوباتی ڕابردوو بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادران.

لەماوەی ڕابردوودا چەندین گردبوونەوە و چالاکیی جۆراوجۆر لە ناوخۆ و وڵاتانی ئەوروپا و جیهان دژ بە دەستگیرکردن و سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە بەڕێوەچوون، هەروەها ژمارەیەك ڕێكخراوی جیهانی، ڕاپۆرتیان لەسەر کەیسەکە بڵاوکردووەتەوە، جگە لە هەوڵ و فشاری كونسوڵی وڵاتان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا سزای سزادراوان هەڵبوەشێنێتەوە.

لە 19ی شوباتی ڕابردوودا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی دەستگیركراوان بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، “لە نزیكەوە چاودێریی دەستگیركردنەكانی ئەمدواییانەی ڕۆژنامەنووس و چالاكوانان و دادگاییكردنیانمان كرد، ئەمریكا بە بەردەوامی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا گفتوگۆی كردووە لەبارەی ئازادیی بیروڕا، لەنێویشیاندا ئازادیی بیروڕای ڕۆژنامەنووسان و ئەمریكا لەسەر هەمان ڕێباز بەردەوامدەبێت”.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا دووپاتیشیكردووەتەوە، “كۆمەڵگە دیموكراتەكان، ڕێز لە ئازادیی بیروڕا دەگرن و پشتیوانی لە توانای ڕۆژنامەنووسان دەكەن لەپێناو گواستنەوەی هەواڵ بەبێ ترس و تۆڵەسەندنەوە”.

بابەتی پێشتر

وەزیری نەوتی عێراق: پێویستمان بە زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت نییە

بابەتی دواتر

دادگای فیدراڵی بڕیارێكی دیكەی سەبارەت بە كورد دەركرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پۆلیسی سلێمانی تۆمه‌تبارێكى ده‌ستگیركرد کە لە هەولێر داواکراو بوو

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، هێزەکانیان تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە كە چەندین فەرمانی ده‌ستگیركردنی‌ هەبووە لەشاری هەولێر. له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا پۆلیسی سلێمانى…
Total
0
Share