تویتەكەی سەدر و وەڵامەكەی عەلاوی.. چارەنووسی دۆلار بە چی دەگەیەنن؟

لە دوێنێوە نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی ڕوو لە كەمبوونەوەیە، تویتەكەی موقتەدا سەدر ناسەقامگیری لە بازاڕی دراودا هێناوەتە ئاراوە، پەرلەمانتارێكی پێشووش دەڵێت، زیاتر دەچێتە چوارچێوەی فشاری سیاسییەوە و پێناچێت عێراق هەنگاوی كەمكردنەوەی نرخی دۆلار بنێت.

ڕۆژی پێنجشەممە موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر چەند پێشنیازێكی لەبارەی بەهای دۆلارەوە خستەڕوو، داواشیكرد هەریەك لە عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و مستەفا غالب پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق بانگێشتی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێن، لەگەڵ ڕاگرتنی “بە قاچاخبردنی دۆلار و ڕێكخستنەوەی بازاڕی دراو” و زیادكردنی بەهای دیناری عێراقی بە چەند یاسایەك.

بەڵام لە وەڵامی ئەو داواكارییەدا، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق بەشداریكردنی لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەو مەبەستە ڕەتكردەوە.

عەلاوی لە پەیامێكدا بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، بانگێشتەكە دوای تویتەكەی سەدر دێت لەلایەن جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانە، كە سەر بەو ڕەوتەیە بۆیە “کۆی پرۆسەکە قبوڵکراو نییە، ناکرێت بێدەنگ بین بەرامبەری، چ بۆ شکۆی حکومەت چ بۆ شکۆی وەزیر و شکۆی تایبەتی من و خێزانەکەم”.

ئاماژەشدەدات، “ئەم حکومەتە بەرپرسیار نییە لەبەردەم ھیچ حزبێکی سیاسیدا، بەڵکو بەرپرسیارە لەبەردەم گەلی عێراقی لەڕێی پەرلەمانە ھەڵبژێردراوەکەیەوە، ئەگەر وەکو حکومەت ئەم دەستوەردانە ناشیرینەی چەند حزبێکی سیاسی لە کاروباری حکومەت رەتنەکەینەوە، ئەوا سازش دەکەین لەسەر سەربەخۆیی حکومەت وەکو باڵی جێبەجێکاری دەوڵەت”.

سەبارەت بە بڕیاری گۆڕینی بەهای دیناریش وەزیری دارایی ڕوونیدەكاتەوە كە بڕیارەكە “بەسانایی” نەدراوە بەڵكو “لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی وەزیران و بانکی ناوەندیی عێراق و حزبە سیاسییەکانەوە پشتیوانی لێکرا، لە دوو کۆبونەوەی جیادا لەگەڵ سەرکردەکانیان. ئەم بڕیارە بە ئاشکرا لە بودجەی 2021دا ھاتووە کە پەرلەمان لە شوباتی 2021 پەسەندیکرد. ئەوکات ڕوونمکردەوە باجی دەستکاریکردنی دراو خێرا دەبێت، بەڵام سودەکانی لە ماوەیەکی مامناوەندو درێژدا دەردەکەوێت”.

شیروان میرزا، پەرلەمانتاری پێشوو لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، وەك ئەوەی وەزیری دارایی ئاشكرایكرد بەدەنگ بانگێشتەكەوە ناچێت، بەڵام پارێزگاری بانكی ناوەندی كە لە ڕەوتی سەدرەوە نزیكە، پێدەچێت بچێتە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام هیچ لیژنەیەكی تایبەتمەند لە پەرلەمان دروست نەبووە تا بەدواداچوون و پرساندن بكات.

وتیشی، “تویتەكەی سەدر زیاتر فشارە لەسەر ئەو بانكە ئەهلییانەی سەر بە حزبەكانی دیكەن، باوەڕناكەم عێراق هەنگاوی كەمكردنەوەی دۆلار بنێت”.

دەربارەی ئەوەی ئایا هەنگاونان بۆ جارێكی دیكە گۆڕینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار ئاسان دەبێت شیروان میرزا وتی، “نەخێر، چونكە هەر بانكێكی ناوەندی لەهەر شوێنێكی دونیادا سەربەخۆ نەبێت و دەسەڵاتەكانی دیكە دەستوەردان بكەن لە كاروبارەكانیدا، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا ناكات، ئەمەش ئەگەری هەیە خراپ بەسەر عێراقدا بكشێتەوە”.

پەرلەمانتارەكەی پێشوو دووپاتیشیكردەوە، “پرسەكە زیاتر جموجوڵێكی سیاسییە و بەكارهێنانی سەرجەم كارتەكانە لە دژی یەكتری، لەگەڵ هەوڵدان بۆ ڕازیكردنی شەقام”.

ڕوونیشیكردەوە، لە بنەڕەتیشیدا داواكارییەكە بریتییە لە سەقامگیركردنی نرخی دیناری عێراقی نەك كەمكردنەوەی بەهای دۆلار، چونكە سەدرییەكان ئەوكات لەگەڵ گۆڕینی نرخی دۆلاردا بوون.

بابەتی پێشتر

سەندیکای شۆفێران: پێشنیازی زیادکردنی کرێی پاسمان داوەتە قائیمقامیەت

بابەتی دواتر

زاملی: عەلاوی دەستیش لەكاربكێشێتەوە لە لێپرسینەوە دەربازی نابێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share