سەرۆكایەتیی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، سلێمانی هەمیشە پێشەنگ بووە و لە ڕووداوە كۆمه‌ڵایه‌تی، مێژوویی، سیاسی، ڕووناک‌بیری و ئەدەبییهكاندا ڕه‌چه‌شكێن بووه و دەشڵێت، “به‌ڵێن ئه‌ده‌ین كه ڕێگەنهدەین سلێمانی بکرێتە قوربانیی ململانێ و پێخوستی نائارامییه سیاسییەکان”.
سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 14ی تشرینی دووەم لە ڕاگەیەنراوێكدا بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی سلێمانی دەڵێت، وا ئه‌مڕۆ سلێمانی 236 ساڵە، لەو ڕۆژەوە تائێستا هەمیشە پێشەنگ بووە. لە ڕووداوە كۆمه‌ڵایه‌تی، مێژوویی، سیاسی، رووناکبیری و ئەدەبییهكاندا ڕه‌چه‌شكێن بووه. داینەمۆ بووه بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری و نوێكردنه‌وه له‌هه‌موو كایه‌كانی ژیاندا و له‌به‌رده‌م هه‌ر ته‌وژمێكی ناڕه‌سه‌ندا، خۆڕاگر، و بۆ هه‌ر نوێكردنه‌وه‌یه‌ك، ده‌ستپێشخه‌ر و پشتیوان بووه. سلێمانی مه‌ڵبه‌ندێكی سه‌ره‌كیی كوردپه‌روه‌ری و په‌ناگه‌ی ده‌نگی ئازاده و هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌ویی قبوڵ نه‌كردووه.
دەشڵێت، سلێمانی خانەخوێیهكی میهره‌بانه بۆ ھەموو پارت و پێکھاتە و ئاینزاکان. شاری پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن و ئازادیی ڕاده‌ربڕینه. شاری خۆڕاگری و به‌ره‌نگاری بووه له بەردەم پەتی سێدارە. داهێنه‌ر بووه له سه‌رپێخستنی خه‌بات و جووڵانه‌وه‌ی سیاسی وە وره و وزه‌به‌خشی شۆڕش و به‌رده‌وامییه. سلێمانی ئازا و ئازاده. زیندوێتی و یاخیبوون وەک دوو تایبەتمەندیی ئه‌م شاره، زادەی ھەڵکەوتنی دەیان ڕووناکبیر و تێکۆشەر و کەسایەتی به‌رجه‌سته و سەرکردەن لەبوارە جیاکانی ژیاندا، کە جێدەستیان لە بەرەوپێشبردن و زیندووێتی ئەم شارە و دیرۆكی کوردستاندا دیاره و بۆ ڕۆژگاری خۆیان و ئێستاش بوونەتە ڕێنیشاندەر و ئاڵاھەڵگری ئاینده‌یه‌كی ڕوون.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ ئێمە لە سەرۆکایەتیی یەکێتی بە دید و ڕوئیایەکی ڕاسته‌قینه و نوێوە له سلێمانی ده‌ڕوانین. وه‌ك چۆن دامێنی كوێستانه‌كانی كوردستان مه‌ڵبه‌ندی خۆڕسكی ژیان و گه‌شه‌ی دره‌خته ڕەسه‌ن و یاخییهكانه، سلێمانییش بۆ یه‌كێتی خاكی به‌پیتی ژیان و گه‌شه و نوێبوونهوهیهتی.
سەرۆكایەتی یەكێتی دەشڵێت، “له‌م ڕۆژه مێژووییه‌دا، ئێمه له سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڵێن ئه‌ده‌ین كه ڕێگە نه‌دەین سلێمانی بکرێتە قوربانیی ململانێ و پێخوستی نائارامییه سیاسییەکان، نه‌هێڵین بكه‌وێته پاشكۆی ڕووداوه‌كان و رێنه‌ده‌ین لەمە زیاتر و به مه‌به‌ست فەرامۆش و پشتگوێ بخرێت”.
لەكۆتایشیدا دوپاتیدەكاتەوە، “دڵنیابن یەکێتی لەئاست مەزنی سلێمانی، بەرپرسیار و بەئەمەکه”.