گۆڕان وەڵامێكی توندی عەلی باپیر دەداتەوە

لۆگۆی كۆمەڵی دادگەری و بزوتنەوەی گۆڕان

بەهۆی بەكارهێنانی هەندێك دەستەواژە بەرامبەریان، ڕێكخەری ژووری ڕۆژنامەوانیی گۆڕان وەڵامی كۆمەڵی دادگەری دەداتەوە و دەڵێت، “شەرمەزاری ئەوەیە؛ بۆ ڕازیکردنی خەڵک واز لە ناوی ئایینەکەت بێنی! شەرمەزاری ئەوەیە؛ لەناو ھێزەکەی خۆت، جگە لە زاواکەت، متمانەت بە کەسی دیکە نەبێت”.

دلێر عەبدولخالق، ڕێکخەری ژووری ڕۆژنامەوانیی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، “پارتێکی ئیسلامی (ھەڵوەریو لە بزوتنەوەی ئیسلامی)، کە بە ئەمری واقع (لە دەرەوەی ئیرادەی سیاسیی خۆیان) کرانە ھێزێکی ئۆپۆزسیۆن، لەبری باسی کێشەکانی خۆیان و پەیوەندیی ژێربەژێریان لەگەڵ یەکێتی و پارتی، پەلاماری بزوتنەوەی گۆڕان دەدەن”.

دەشڵێت، “ئێمە ھێزێکین سەربەخۆین، لەژێر باڵی میللەتەکەی خۆمان گەورە بووین، خەڵکانێکیش پێشتر لەژێر باڵی گۆڕان گەورە بوون و ئێستا باسی شەرمەزاری دەکەن”.

“شەرمەزاری ئەوەیە؛ بۆ ڕازیکردنی خەڵک واز لە ناوی ئایینەکەت بێنی! شەرمەزاری ئەوەیە؛ لەناو ھێزەکەی خۆت، جگە لە زاواکەت، متمانەت بە کەسی دیکە نەبێ، بۆ پەرلەمانی کوردستان ھەر ئەو ئەندام بێ! بۆ پۆستی وەزیری کابینەی ھەشتەم ھەر ئەو! بۆ پەرلەمانی عێراق ھەر ئەو کاندید بکەی!”، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

دووپاتیشیدەكاتەوە، کەواتە ئەوە “ئیمان” نیە کە نوێنەرەکانتان پەیوەست دەکا و ھەڵناوەرێن، بەڵکو ئەوە پەیوەندیی خزمایەتی و حسابنەکردنە بۆ توانای مرۆیی ھەموو ئەوانەی دیکە، کە لەدەورتان کۆبوونەوە.

دوێنێ عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا ڕەخنەی لە بزوتنەوەی گۆڕان گرت و وتی، “جارێک لەگەڵ ئەو لایانە سیاسییەی پێکەوە ئۆپۆزسیۆن بووین کۆبووینەوە و وتم، تەکبیرێک ناکەن لە خەڵکەکەتان وا فڵان وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرستان هەڵوەرین”.

وتیشی، “وتومە تەکبیر ئەوەیە ئەو خەڵکەتان پەیوەست بکەن بە ئیمانەوە بەخواوە، ئەگەر ئینسان باوەڕی بەخوا هەبوو دونیا وەکخۆی دەبینێ”، عەلی باپیر ئاماژەی بەوەشکرد، “یەکێک لە دانیشتووانی نێو کۆبونەوەکە وتی، مامۆستا فڵان حزب بەرازە، دێت بۆ لای ئەندامێکی ئێمە لە یەک ملیۆن دۆلارەوە تا پێنج ملیۆن دۆلار دەدات بۆ بردنی”، منیش وتم “نەبوونی ئیمانە”.

بابەتی پێشتر

دیبالا و ئەگوێرۆ لە سێ یارییەكەی ئەرجەنتین دوورخرانەوە

بابەتی دواتر

خۆبەڕێوەبەریی شەنگال هۆشداری لە ئەگەری ناردنی هێز لەلایەن پارتییەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share