بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى بۆ باڵیۆزى ئه‌مریكا: یەکێتی دەیەوێت بۆ ھەموو پرسەکان کورد خۆی ئامادەبکات

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى ڕایده‌گه‌یه‌نێت، یەکێتی دەیەوێت بۆ ھەموو پرسەکان کورد خۆی ئامادەبکات، دوور لە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی ڕووبەڕووی ئەگەرەکان ببینەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و ڕۆبێرت پاڵادینۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێم.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، لە دیدارێکدا كە شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەمین بابە شێخ و خالید شوانی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، گفتوگۆی ھەمەلایەنە کرا لەسەر پرسەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، یەکڕیزیی کورد، چارەسەرکردنی گرفتە ناوخۆییەکان، پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەنێوان ھەردوولا و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری ھەرێم.

لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، تێپەڕاندنی بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکھێنانی حکومەت، یەکخستنی ھەوڵەکان لە چێوەی بنەماکانی دەستوور و لێکتێگەیشتن و دیالۆگی بونیادنەرانەی نیشتمانی.

بافڵ جەلال تاڵەبانی بە لەبەرچاوگرتنی ھەستیاریی دۆخی عێراق، ھەرێم و پێشھاتەکان دووپاتیکردەوە لە خێراکردنی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای تەوافق و ھاوبەشێتیی نیشتمانی کە ببێتەھۆی تێپەڕاندنی دۆخەکە و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و چاکسازیکردن لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی وڵات.

بۆ ھەرێمیش بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیکردەوە لە پێویستیی یەکڕیزیی ماڵی کورد و ڕوونیکردەوە، یەکێتی دەیەوێت بۆ ھەموو پرسەکان کورد خۆی ئامادەبکات دوور لە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی، بە یەک گوتاری کوردستانیی ڕووبەڕووی ئەگەرەکان ببینەوە و لەسەر بنەمای ھاوسەنگیی سیاسی و بەرژەوەندیی گشتی خۆمان ڕێکبخەینەوە، کە بۆ ئەوە کات ماوە و پێویستە نییەتێکی جددی ھەبێت بۆ پاراستنی یەکڕیزیی کورد، کە یەکێتی لەو ڕووەوە ھیچ مەرجێکی نییە و دەمانەوێت ئەم ئامانجە باڵایە بەدیبێنین، کە لە خزمەتی گەلەکەماندایە.

سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردن لە ھەرێم، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووه‌، یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەردە لە کات و ساتی خۆیدا، بەڵام دەبێت داواکاریی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ھەند وەربگیرێت و یاساکە بەشێوەیەک بێت لە خزمەتی گەشەپێدانی ھەرێم و پرۆسەی دیموکراسی بێت، نەک بەم شێوەیە کە کەموکورتیی زۆری تێدایە و گلەیی و تێبینیی زۆربەی لایەنە سیاسی و ڕێکخراوەکان و ڕای گشتی لەسەرە. بۆیە یەکێتی لەگەڵ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردندایە .

ھەر لە دیدارەکەدا پێویستیی ھاریکاری و ھەماھەنگیی زیاتر لەنێوان ھەردوولا دووپاتکرایەوە بە تایبەت لە بواری گەشەپێدانی بوارەكانی ئابوری، بازرگانی و ھەوڵدان بۆ پێشخستنی زیاتری کەرتی ئابوری لە ھەرێم.

بابەتی پێشتر

ئەو تەلەفونەی کۆتایی بە ئیمپراتۆری تۆپی پێ هێنا

بابەتی دواتر

سه‌ركرده‌یه‌كى باڵاى داعش له‌ عێراق كوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share