ئێستا هۆكاری زۆربوونی بازگەکانی ناوشاری کەرکوك ئاشكرادەكات

گەر بە شەقامێكی ناوشاری كەركوك-دا گوزەربكەیت، بە ئەگەری زۆرەوە ڕووبەڕووی بازگەیەكی هێزە ئەمنییەكان دەبیتەوە، دیاردەیەك كە ماوەی چەند ڕۆژێكە دانیشتووانی شارەكەی نیگەرانكردووە، تۆڕی میدیایی ئێستا بەدوای هۆكارەكەیدا دەڕوات و ئاشكرایدەكات.

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە، هێزی ئەمنی لە ناوشاری کەرکوک بڵاوەیان پێكراوە و لە چەندین شەقامدا بازگە دانراون، تانک و زرێپۆش و چەکی جۆراوجۆر لە بازگەکانی ناوشاردا دەبینرێن. هاوڵاتییان بە نیگەرانییەوە لە دانانی ئەو ژمارە زۆرەی بازگە و بڵاوەپێكردنی هێز لە ناوشارەکەیاندا دەڕوانن.

ئەحمەد شۆفێری تەکسییە و قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كردووە، ئەو دەڵێت، زۆربوونی ژمارەی بازگەی هێزە ئەمنییەکان ئاستەنگیی زۆری بۆ دروستکردوون و بە هەر شەقام و گەڕەکێکدا بڕوات، دەبێت بە چەندین بازگەدا تێپەڕببێت و ئەوەش کاتێکی زۆریان لێدەبات.

بۆ زانینی هۆكاری ئەو گۆڕانكارییە ئەمنییە، تۆڕی میدیایی ئێستا گفتوگۆی لەگەڵ عامر نوری وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک-دا كرد، ئەو زۆربوونی ژمارەی بازگەکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، بەپێی سەرچاوەی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان، بازگەی کاتی دادەنێن بۆ ڕێگریكردن لە تێکدانی ئارامیی شارەکە و دەستگیرکردنی داواکراوان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکوک، لە ماوەی مانگێکدا تەنها لە بازگە کاتییەکانی ناوشاردا زیاتر لە 100 کەس بەتۆمەت و تاوانی جۆراوجۆر دەستگیرکراون و ڕەوانەی دادگا کراون.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

لە بارەی کێشەی جوتیارانی گوندی پەڵکانە، دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوی دەستەی…
Total
0
Share