ڤیدیۆ.. گەنجێکی ڕووسی مێشکی دایکی دەخاتە فریزەرەوە بەو هیوایەی زانست لە داهاتوودا بیگەڕێنێتەوە بۆ ژیان

مێشکی مرۆڤ

ژنێکی ڕووسی لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا دەمرێت، کوڕەکەشی کە ناوی ئەلێکسی ڤۆرۆنکۆڤە، بڕیاریدا ڕێک پارە بدات لە بەرانبەر ئەوەی مێشکی دایکی بۆ بخەنە فریزەرەوە و هەر بە ساردی هەڵیبگرن، بەو هیوایەی زانست بتوانێت لە داهاتوودا بیژێنێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ژیان.

مێشکی ژنەکە لەگەڵ ٧٠ مێشکی دیکەدا لەلای کۆمپانیای “کریۆرۆس”ـی ڕووسی پارێزراوە و زاناکانی ئەو کۆمپانیایە پێیان واتە ئەو کەسانە “نەخۆش” بوون و ڕۆژێک لە ڕۆژان چارەسەر دەکرێن. مێشکی ئەو “نەخۆشانە” لەناو نایترۆجینی شل و لە بەرمیلێکی کانزایی قووچەکیدا لە دەرەوەی شاری مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا هەڵگیراون.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی “Pikabu”، ئەم لاشە و پارچانەی لەشی مرۆڤ لە ١٩٦ پلەی ژێر سفری سەدیدا هەڵگیراون بەو ئامانجەی شی نەبنەوە، ئەگەرچی تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی زانست بتوانێت بیانگەڕێنێتەوە بۆ ژیان.

سەرۆکی لیژنەی زانستەکان لە ئەکادیمیای ڕووسی، ئیڤێنگی ئەلیکساندرۆڤ، دەڵێت بە بەستوویی هێشتنەوەی پارچەکانی لەشی مرۆڤ “شتێکی تەواو بازرگانییە و هیچ بنەمایەکی زانستی نییە”.

ئیڤێنگی ئەلیکساندرۆڤ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی “ئیزڤستیای ڕووسی” جەختی لەوە کردەوە کە ئەم چالاکییە تەنها پەیوەندیی بە هیوای خەڵکەوە هەیە بۆ دووبارە زیندووبوونەوە و خەونەکانی ژیانی هەرمان (ئەبەدی)”.

ڕۆژنامەی “دەیلی مەیڵ”ـی بەریتانیش ڕاپۆرتێکی لەسەر کۆمپانیای کریرۆس نووسیوە بە ناونیشانی “کۆمپانیایەکی ڕووسی لەڕێی خستنە فریزەری مێشکەکانەوە لە دوای مەرگ، ڕێگەیەک بۆ ژیانی هەرمان پێشکەش دەکات و تا ئێستا زیاتر لە ٧٠ کەس بەشێوەیەکی فەرمی ١٤ هەزار دۆلاریان داوە بۆ ئەوەی بچنە ناو سەهۆڵ”.

ماڵپەڕی “cryonics” ئاماری ئەو کۆمپانیای بڵاوکردووەتەوە کە گرنگیی بە پاراستنی پارچەکانی لەشی مرۆڤ دەدەن لە جیهاندا، هەروەها نەخشەی ئەو وڵاتانەشی بڵاوکردووەتەوە کە ئەو کۆمپانیایانەیان تێدایە، وێڕای ئەوەی توێژینەوە زانستییەکان هەتا ئەمڕۆ ئەوە دەردەخەن کە لە توانادا نییە هیچ کەس یان هیچ لاشەیەک بگەڕێندرێتەوە بۆ ژیان”.


کۆمپانیای “کریۆرۆس”ـی ڕووسی دەڵێت سەدان موشتەری لە ٢٠ وڵاتی جیاجیاوە بەڵێننامەیان لەگەڵیاندا واژۆکردووە و خزمەتگوزارییەکەیانیان بەلاوە گرنگە. ئەو کەسانە دەستیان گرتووە بە هیوایەکی تەڵخوتارەوە بۆ ئەوەی دوای مەرگ بگەڕێنەوە بۆ ژیان.

بابەتی پێشتر

دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان بناسە

بابەتی دواتر

یوڤاڵ نوح هەراری لە داڤۆس: ئەقڵی مرۆڤ لە مەترسیی هاککردندایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share