لە دیواری ماڵێکی پابلۆ ئیسکۆباردا 18 ملیۆن دۆلار دۆزرایەوە

یەکێک لە ماڵەکانی ئیسکۆبار لە وڵاتی کۆڵۆمبیا

ئەوە جاری یەکەم نییە کە لە ماڵەکانی پابلۆ ئسکۆباری گەورەترین بازرگانی مادەی هۆشبەر لە سەدەی ڕابردوو پارە و شمەکی گرانبەها دەدۆزرێتەوە، بە وتەی یەکێک لە برازاکانی پابلۆ لە یەکێک لە ماڵەکانیدا لە کۆڵۆمبیا 18 ملیۆن دۆلار دۆزراوەتەوە.

نیکۆڵاس ئیسکۆبار، کە دەکاتە برازای پابلۆ بە یەکێک لە میدیاکانی کۆڵۆمبیای ڕاگەیاندووە، “بە ڕێکەوت سەرنجمان لە سەر دیواری یەکێک لەو ماڵانە داوە کە ئیسکۆباری تێدا ژیاوە، لەو کاتەدا کیسەیەکی پلاستیکیمان دۆزیووە کە 18 ملیۆن دۆلاری تێدا حەشار درابوو”.

بە وتەی برازاکەی ئیسکۆبار ئەوە یەکەمجار نییە کە پارە و شمەکی گرانبەها لە ماڵەکانی ئیسکۆباردا دەدۆزرێتەوە، چەند جارێک خشڵ و تەلەفونی ئاڵتونی و زنجیری گرانبەها لە شوێنی شاراوەدا دۆزراوەتەوە.

برازاکەی ئیسکۆبار ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە پێدەچێت دەیان ساڵ بەسەر شاردنەوەی دۆلارەکاندا تێپەڕیبێت چونکە بەشێک لە 100 دۆلارییەکان کۆنبوون و ڕەنگە نەتواندرێت بەکار بهێندرێت.

پابلۆ ئیسکۆبار کێ بوو؟

پابلۆ ئێمیلۆ ئیسکۆبار گاڤیریا بازرگان و سەرۆکێکی کۆڵۆمبی ماددە ھۆشبەرەکان بوو ، لەسەردەمی ئەودا، نزیکەی ٪80 ی کۆکاینی (ماددەی هۆشبەر) ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای دابین دەکرد، کە لەڕۆژێکدا داھاتی 60  میلیۆن دۆلار بوو، و 22 میلیار دۆلاریش لە ساڵێکدا.

پابلۆ بە “پاشای کۆکاین” بەناوبانگ بوو، دەوڵەمەندترین تاوانباری جیھان بوو لەمێژوودا، کە کۆی گشتی سامانی 30 میلیار دۆلار بوو لەسەرەتاکانی ساڵی 1990دا. ھەروەھا لە لیستی 10دەوڵەمەندترین پیاوەکانی جیھان بوو کە خۆیان پارەکەیان بەتەنھا دەستدەکەوتووە.

ئیسکۆبار لەساڵەکانی حەفتاکاندا، دەستیکردووە بەکارکردن بۆ چەندین قاچاخچی، وەک کاری ڕفاندن و ئەشکەنجەدان. لەساڵی 1975 دا، ئیسکۆبار دەستی کرد بە کاری بازرگانیکردن بە کۆکـــاین و بڵاوکردنەوەی بە ئەمەریکادا.

دوای ماوەیەکی کەمیش کارەکانی فراوانتر بوون لەسەرتاسەری ئەمەریکا. و تاوەکو 1980 نزیکەی 70  بۆ 80 تۆن کۆکاینی مانگانە دەگواستەوە بۆ ئەمەریکا، تۆڕی تاوانکاریەکەی “کارتێل” بە “کارتێلی مێدیین” ناسرابوو و ھەمیشە ڕکابەری گروپەکانی دیکەیان دەکرد و بەرپرس بوون لە کوشتن و تەقینەوەی گەورە و کوشتنی چەندین کەسی سیاسی و دادوەر و پۆلیس، و بەرتیلدان بە زۆربەی چینەکانی کۆمەڵگا.

لەساڵی 1982  ئیسکۆبار وەک ئەندامێکی لاوەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆڵۆمبیا ھەڵبژێردرا سەر بە حزبی ئازادی کۆڵۆمبیا، ئیسکۆبار چەندین قوتابخانە، نەخۆشخانە و کەنیسەی لە ڕۆژئاوای کۆڵۆمبیا درووستکردبوو کە ناوبانگێکی باشی بۆ پەیدا کردبوو لەلای چینی ھەژار و بگرە بە “ڕۆبن ھوودی ھەژاران” بانگ دەکرا.

ئیسکۆبار لە ساڵی 1993دا دوای ڕوبەڕوبونەوە لەلایەن پۆلیسی نەتەوەیی کۆڵۆمبیەوە کوژرا.

بابەتی پێشتر

ناسا: دوو كەشتیوانی ئاسمانی ڕەوانەی سەر مانگ دەكەین

بابەتی دواتر

تۆم کروز بۆ وێنەگرتنی فیلمێک دەچێتە دەرەوەی زەوی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share