واشنتن ئامادەكاری دەكات بۆ جێهێشتنی باڵیۆزخانەكەی لە كیێڤ لەلایەن دیپلۆماتكارەكانیەوە، هەنگاوێكی هاوشێوە لەلایەن دیپلۆماتكارانی ڕوسیشەوە لە ئارادایە، وەك ئەوەی دوو ئاژانسی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێدەدەن.
ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لە زاری بەرپرسانی ئەمریكاوە دەڵێت، وەزارەتی دەرەوە سوورە لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ داوا لە سەرجەم كارمەندە ئەمریكیەكانی ناو باڵیۆزخانەی وڵاتەكە لە كیێڤ بكات وڵاتەكە جێبهڵێن بەر لە “داگیركاری ڕوسیا” كە ترس لەبارەی ڕوودانیەوە هەیە.
بەپێی وتەی بەرپرسان پێدەچێت ژمارەیەكی كەمی بەرپرسانی ئەمریكی لە كیێڤ بهێڵدرێنەوە، لەهەمان كاتدا زۆرینەی نزیكەی 200 ئەمریكییەكەی باڵیۆزخانەكە دەگەڕێندرێنەوە، یان دەگوازرێنەوە بۆ ئەوپەڕی ڕۆژئاوای ئۆكرانیا، نزیك لە سنوورەكانی پۆڵەندا.
لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی نۆڤۆستی لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە وتی، بەپێی وتەی هاوڵاتییانی ئۆكرانیا، دیپلۆماتكارانی ڕوس و كارمەندی كونسوڵخانەكانی لە ئۆكرانیا دەستیان بە گەڕانەوە بەرەو ڕوسیا كردووە.
وتیشی، “لەپاش كردەكانی چۆڵكردن كە بە فەرمی لەلایەن ژمارەیەك لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە ڕاگەیەندراوە، واپێدەچێت مۆسكۆ-ش بڕیاری لە گرتنەبەری هەمان ڕێگا دابێت”.
پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا پێشبینیكرد مۆسكۆ ڕێنوێنی تیمە نابنەڕەتییەكانی دامەزراوە دیپلۆماسییەكانی لە ئۆكرانیا بكات، بەشێوەی كاتی وڵاتەكە جێبهڵێن.
دوای ئەوەی دوێنێ هەریەکە لە ئەمریکا، بەریتانیا، هۆڵەندا، ژاپۆن، کۆریای باشور و لاتیڤیا داوایان لە هاوڵاتییەکانیان كرد ئۆکرانیا جێبهێڵن، هەریەك لە كەنەدا، ئوسترالیا، نیوزلەندا و فنلەندا چوونە پاڵ ئەو وڵاتانە و داوایان لە هاوڵاتییەكانیان كرد بەزووترین كات وڵاتەكە جێبهڵن.
ئەو ڕەوشە لەكاتێكدایە ئەگەری داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن ڕوسیا ڕووی لە زیادبوون كردووە، دوێنێ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ڕوسیا هێزی زیاتری لە سنوورەكانی ئۆكرانیا بڵاوەپێكردووە و “لەهەر ساتێكدا بێت” هێرشی سەربازی دەستپێدەكات.
لە بەرامبەردا ڕوسیا لەزاری بەرپرسانیەوە چەندین جار دووپاتیكردووەتەوە كە هیچ نیازێكی بۆ هێرشكردنەسەر ئۆكرانیا نییە و، جموجوڵە سەربازییەكانی لەنێو سنوورەكانی خۆیدایە و هەڕەشەنییە بۆسەر هیچ لایەك.