وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە بەستنەوەی کارەبای ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، ڕاپەڕین و زاخۆ بە وەزارەتی کارەباوە و لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، 40 ئەمپێر کارەبا بە هاوبەشانی کارەبا دەدرێت.
لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ژمارەیەک بڕیاریانداوە کە بریتیین لە:
– بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای ئیدارە سەربەخۆکانی نوێی سۆران، ڕاپەڕین و زاخۆ بە وەزارەتی کارەباوە دەبەسترێنەوە.
– لە سەرەتای مانگی ئازارەوە، (40) ئەمپێر کارەبا بە هاوبەشانی کارەبا دەدرێتەوە.
– کار بە سیستەمی ئەلکترۆنی و ماڵپەڕی پسوڵە (pswla.com) دەکرێت و لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان جێبەجێ دەکرێت.
– پێویستە تەواوی هاوبەشانی کارەبا، پێوەری زیرەکیان هەبێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەک (1,480,000) هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام ئێستا بۆ (1,800,000) هاوبەش بەرزبووەتەوە.
– بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کارەبای شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسن بۆ بەدواداچوون و نەهێشتنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران، بۆ ئەم مەبەستە سیستەمی پێوەری زیرەک، سەرجەم سەرپێچیەکانی دیاری کردووە.