پێش نەورۆز ئێران ناوی تۆمەتبارانی كوشتنی سولەیمانی ئاشكرادەكات

ئەمڕۆ لیژنەی هاوبەشی عێراق و ئێران بۆ لێكۆڵینەوەكردن لە كەیسی كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی لە بەغداد كۆدەبێتەوە، ئێران پێش نەورۆز لیستی ناوی تۆمەتباران كۆتاییپێدێنێت و دەیداتە دادگا.

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئاشكرایكرد، لیستی ناوی تۆمەتبارانی كەیسی تیرۆركردنی قاسم سولەیمانی ئامادەیە و بەر لە نەورۆزی ئەمساڵ ڕەوانەی دادگای دەكات، ئەمڕۆش لیژنە هاوبەشەكەی لەگەڵ عێراق جارێكی تر لە بەغداد كۆدەبێتەوە.

كازم غەریب ئابادی یاریدەدەری سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، بەر لە كۆتاییهاتنی ساڵ (ساڵی ئێرانی كە لە 20ی ئازاردا كۆتاییدێت)، لیستی كەیسی تیرۆركردنی قاسم سولەیمانی ڕەوانەی دادگا دەكەن.

ئێران لە دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانیدا 125 کەسی وەک تۆمەتباری سەرەکی ‏دەستنیشانکردووە، ترەمپ لە سەرەوەی لیستەکەدایە. ئێرانییەكان دەڵێن، جگە لە ئەمریكا ‏و ئیسرائیل “خەڵکانێکی دیکەی وڵاتانی دراوسێش تۆمەتبارن”.‏

“گەڕی سێیەمی كۆبوونەوەكانی لیژنەی هاوبەشی لێكۆڵینەوە لە تیرۆركردنی سولەیمانی و هاوڕێكانی ئەمڕۆ لە بەغداد دەستپێدەكات و ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت”، ئابادی وایوت و تیرۆركردنی سولەیمانی بە “تاوانكاری” ناوزەدكرد.

عێراق و ئێران لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوەكردن لە كەیسی كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس جێگری پێشووی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران. لیژنەكە پێشتر دوو جار كۆبووەتەوە و لێكۆڵینەوە دەكات لە چۆنێتیی جێبەجێكردنی تیرۆركرنەكە و ئاشكراكردنی ناوی ئەو كەسانەی تێوەیگلاون.

بابەتی پێشتر

ڕوسیا سەربازی بیلاڕوسی دەباتە سوریا

بابەتی دواتر

جارێكی دیكە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share