وتووێژەكانی نێوان میسر و توركیا دەستپێدەكەنەوە

ئاڵای میسر و توركیا

وەزارەتی دەرەوەی میسر، دەستپێكردنەوەی وتووێژەكانی لەگەڵ لایەنی توركیدا ڕادەگەیەنێت، پاش وەستانی لە چەند مانگی ڕابردوودا.

وەزارەتەكە ڕایگەیاند، هەنگاوەكە وەڵامدانەوەیە بۆ ئەو بانگێشتەی لەلایەن وەزیری دەرەوەی توركیاوە پێشكەشكراوە و بڕیارە لەو چوارچێوەیه‌دا حەمدی لۆزا، جێگری وەزیری دەرەوەی میسر لە ڕۆژانی 7 و 8ی ئەیلولی داهاتوودا سەردانی ئەنقەرە بكات.

بڕیارە بەرپرسەكەی میسر بەشداری لە گەڕی دووەمی وتووێژە سەرەتاییەكانی نێوان هەردوو وڵاتدا بكات، كە تیایدا پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوولا، جگە لە چەند دۆسیەیەكی هەرێمایەتی تاوتوێدەكرێن.

به‌پێی وتەی سەرچاوەیەكی میسریی ئاگادار، دەستپێكردنەوەی وتووێژەكان پاش ڕاوەستاندنی بۆ ماوەی چەند مانگێك بەهۆی ویستی لایەنی توركییەوە بووە بۆ خستنەبەرباسی ئەگەری لێكتێگەیشتن لەبارەی كۆمەڵێك دۆسیەی هەڵپەسێردراو و دیاریكردنی شێوازی هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.

ماڵپه‌ڕی (سكای نیوز عەرەبی) لەزاری سەرچاوەكەوە وتی، “وتووێژەكان هەر بە “سەرەتایی” دەمێننەوە، تائێستا ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر سێ دۆسیە كه‌ ناكۆكییان لەسەرەكە نەكراوە كە ئەوانیش بریتین له‌ كشانەوەی سەربازیی توركیا لە لیبیا و وەستاندنی گێچەڵەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەستاندنی پشتیوانیی توركیا بۆ گروپی ئیخوان موسلمین بەشێوەیەكی بنەڕەتی و ڕادەستكردنی داواكراوان بە قاهیرە.

دالیا زیادە، بەڕێوەبەری سەنتەری میسری بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ى دیموكراسیی ئازاد دەڵێت، پێویستە دەستپێكردنەوەی وتووێژەكان وەك تەواوكردنی پرۆسەی ئاشتەوایی نێوان میسر و توركیا سەیربكرێت لەچێوەی وێنا گەورەكەی ئەوەی ئێستا لە كۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات.

وتیشی، كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان، بەشێوەیەكی ناڕێكخراو و بێپلان ژیانی سەدان هەزار كه‌سی ڕووبەڕووی مەترسی كردەوە و لەڕاستیشدا بووەهۆی گیانلەدەستدانی سەدان كه‌س، ئه‌وه‌ش هاوشێوەی زەنگی مەترسی بوو كە هاندەربوو بۆ وڵاتانی گەورەی ناوچەكە بۆ بیركردنەوە لە هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بومەلەرزەیەدا، كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا لە چەند مانگی داهاتوودا دروستیدەكات.

ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2013ەوە سەریهەڵدا بەتایبەت دوای ڕووخانی گروپی ئیخوان موسلمین و پێشكەشكردنی پشتیوانیی دارایی و لۆجیستی بۆ گروپەكە لەلایەن توركیاوە.

بابەتی پێشتر

قائیمقامیەتی سلێمانی پسووڵەی سەرپێچی بۆ 44 نانەواخانە كردووە

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسای خزمەتی سەربازی پەسەندكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share