زەنگی چوونەژوورەوە بۆ ناو هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لێدراوە، بەڵام ژمارەیەك پەرلەمانتاری كەم چوونەتە هۆڵی كۆبوونەوەوە و چارەنووسی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ دیارنییە.
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەڵام دوای دوو هەڵوێستی موقتەدا سەدر و بڕیارێكی دادگای فیدراڵی، بایكۆتكردنی دانیشتنەكە لەلایەن فراكسیۆنە گەورەكانەوە ڕاگەیەندرا.
محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران مۆڵەتی تەنها نیو كاتژمێر و تا 1:00ی دوایی نیوەڕۆ كاتی داوە بۆ چوونە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە، دیار نییە لە حاڵەتی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران، بڕیاری سەرۆكایەتیی نوێنەران چی دەبێت.