ڕەیان مەغریبی بیریخستینەوە نەهامەتییەكانی منداڵانی جیهان ببینین

هاوسۆزییەكی زۆری جیهانی لەگەڵ ڕووداو و گیانلەدەستانەكەی ڕەیانی تەمەن پێنج ساڵ ‏هەبوو، ئەو منداڵە مەغریبییەی زیاتر لە پێنج ڕۆژ لە بیرێكدا مایەوە و دواتر ‏گیانیلەدەستدا.‏

لەگەڵ ئەوەی ڕووداوی كەوتنە ناو بیرەكە و گیانلەدەستدانی ڕەیان كاردانەوەی زۆری ‏لێكەوتەوە، بەڵام واشیكرد، بیرێك لە دۆخی منداڵانی دیكەی جیهان بكەینەوە، كە بەدەست ‏برسێتی و ئاوارەیی دۆخی ناهەمواری ژیانەوە دەناڵێنن.‏

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی یونسێف لەبارەی برسێتیی منداڵان لە جیهاندا، ساڵانە زیاتر لە 3.1 ملیۆن منداڵی تەمەن خوار پێنج ساڵان لە جیهاندا بەهۆی برسێتییەوە گیانلەدەستدەدەن، ڕۆژانە 66 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا بە برسێتی و بەبێ دەستکەوتنی هیچ خۆراکێک دەچنە قوتابخانەکانیان.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی یونسێف، ساڵانە تەنها 3.2 ملیار دۆلار تەرخانکراوە بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ منداڵانی تەمەنی قوتابخانە.

ڕێکخراوی یونسێف باسی لە خراپیی خۆراکی منداڵانی جیهان کردووە، کە بەپێی یونسێف لە کۆی زیاتر لە 680 ملیۆن منداڵی خوار پێنج ساڵ نزیکەی 230 ملیۆن منداڵیان گیرۆدەی خراپیی خۆراکن، زیاتر لە 16 ملیۆن منداڵی جیهان کە تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵانەوەیە ڕووبەڕووی کەمیی کێش بوونەتەوە بەهۆی خراپیی خۆراکەوە، ئەو منداڵانە نۆ هێندەی منداڵانی ئاسایی مەترسیی مردنیان لەسەرە.

ئاماژە بەوەش کراوە، زیاتر لە 45%ی گیانلەدەستدانی منداڵانی تەمەن خوار پێنج ساڵ بەهۆی خراپیی خۆراکەوەیە، 52 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا لەو تەمەنەدا بەوهۆیەوە گیرۆدەی لەدەستدانی کێش بوون، 17 ملیۆنیان لە کەمکێشیی مەترسیداردان و لە هەر سێ منداڵێکی خوار پێنج ساڵ، یەکێکیان لە خراپی و دەستنەکەوتنی خۆراکی پێویستدا دەژی.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی بەپەلەی منداڵان (UNICEF) ئاماژەی بەوە کردووە‌، منداڵان سێ یەکی ژمارەی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن، نیوەی ئاوارەکانی جیهانیش منداڵانن، بەشێوەیەک لە دەیەی ڕابردوودا ژمارەی منداڵانی ئاوارە دوو هێندە بەرزبووەتەوە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی یونسێف سەبارەت بە منداڵانی ئاوارە لە جیهاندا، زیاتر لە 10 ملیۆن منداڵی ئاوارە هەن، هەروەها یەک ملیۆنیش داوای مافی پەنابەری دەکەن ‌و تائێستا چارەنووسیان دیارنییە، 17 ملیۆنەکەی دیکەش بەهۆی پێکدادانەکانەوە لە شوێنەکانی خۆیان نەماون، یان چوونەتە شوێنێکی دیکە لەناو وڵاتەکەی خۆیاندا، یاخود لە یەکێک لە وڵاتەكانی دراوسێیاندان.

 

هه‌روه‌ها 45%ی هەموو منداڵە ئاوارەکانی جیهان لە وڵاتانی سوریا و ئەفغانستانەوە هاتوون، ژمارەی ئەو منداڵانەی بە تەنها گەشتیانکردووە زیادیکردووە و 100 هەزار منداڵ بەبێ هیچ کەسێکی نزیک لە 78 وڵاتی جیاواز لە 2015دا داوای مافی پەنابەرییان کردووە.

بەپێی پێگەی وۆڵد میتەر، تەنها لە مانگێکی ئەمساڵدا 762 هەزار و 423 منداڵی تەمەن خوار پێنج ساڵ لە جیهاندا بەهۆی نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە، ساڵانە لانیکەم 10 ملیۆن منداڵی ئەو تەمەنە گیان لەدەستدەدەن و زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیەش بەهۆی نەخۆشییەوەیە.

بەپێی ڕێکخراوی یونسێف، زیاتر لە 20%ی ئەو منداڵانەی لە تەمەنی خوار پێنج ساڵەوەن بەهۆی کێشەکانی کۆئەندامی هەناسەوە گیان لەدەستدەدەن ئەگەر هۆکاری دەرەکی بێت یان خوودی.

بەڵام ڕێکخراوەکە دەڵێت، ئەو منداڵانەی بە ئایدز گیان لەدەستدەدەن لە جیهاندا 3%ی کۆی ئەوانە پێکدەهێنن كە لە خوار پێنج ساڵەوەن و ساڵانە گیان لەدەستدەدەن.

بانکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕێژەی هەژاری لە جیهاندا ڕایگەیاندووە، نزیکەی 1.5 ملیار کەس لە جیهاندا لەژێر هێڵی هەژارییەوەن کە داهاتی ڕۆژانەی تاک 1.6 دۆلارە، نیوەی هەژارانی جیهانیش منداڵانن، کە زیاتر لە 700 ملیۆن منداڵ کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوەیە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.

هەروەها 70%ی منداڵانی جیهان کە تەمەنیان لە خوار 15 ساڵانەوەیە لە خوار هێڵی هەژارییەوەن.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی پەروەردە پشووی بەهارەی کەمکردەوە

بابەتی دواتر

خوشکێکی مایکڵ جاکسن سەرسامی هەڵپەڕکێی کوردییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share