هێكتۆر ڤالێر پینتۆ سەرۆك وەزیرانی پیرۆ، بەهۆی تۆمەتباركردنی بە ئەنجامدانی توندوتیژیی خێزانی، دەستی لەكاركێشایەوە.
دوا تەنها چوار ڕۆژ لە دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیرانی پیرۆ، سكاڵایەك لەسەر هێكتۆر ڤالێر پینتۆ تۆماركراوە و تۆمەتباركراوە بەوەی پێشتر لە كچەكەی و هاوژینە كۆچكردووەكەی داوە.
دەستنیشانكردنی پینتۆ بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ناڕەزایی توندی خەڵكی پیرۆی لێكەوتووەتەوە و ڕەخنە لە سەرۆك كۆمار دەگرن كە چۆن كەسێكی كردووە بە سەرۆك وەزیران توندوتیژیی خێزانی ئەنجامدابێت.
لەژێر فشاری خەڵكدا، پیدرۆ كاستیلۆ سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، ناچارە هەموارێكی وەزاریی دیكە بكات و جارێكی دیكە سەرۆك وەزیران دەستنیشانبكەن.
لەبەرامبەر ئەو ڕووداوانەدا، هێكتۆر ڤالێر پینتۆ سەرۆك وەزیران تووڕەیی خۆی نیشاندا و ڕایگەیاند، “تۆمەتەكان درۆ و ناڕەوان و چۆن دەكرێت لەسەر ئەو بنەمایە ڕووبەڕووی فشار بكرێمەوە و ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە بكرێم؟”.