بەراورد بە 100 ساڵی ڕابردوو جیهان بەهۆی ئۆمیکرۆنەوە زۆرترین ژمارەی نەخۆشی تێدایە

لە پێنج بۆ شەش هەفتەی ڕابردوودا زۆرترین ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە کە زیاترە لە هەر ڕێژەیەک لە پێشوودا تۆمارکراوە، هۆکارەکەشی بۆ خێرا بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن دەگەڕێتەوە، کە بەرزترین ژمارەیە لەبڵاوبوونەوەی پەتای ئەنفلوەنزاوە لە ساڵی 1918-1919.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، گۆراوی ئۆمیکرۆن لە بەشێک لە وڵاتاندا گەیشتووەتە لوتکە، بۆیە ئەگەری هەیە مانگی شوبات ژمارەیەکی زۆری تووشبوونی تێدا تۆماربکرێت کە پێشتر تۆمارنەکراوە، ئەمە لەکاتێکدا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بەڕێژەیەکی زۆر تۆمارکراون بەجۆرێک ماوەی زیاتر لە 100 ساڵە جیهان ئەو ژمارە نەخۆشەی بەخۆوەنەبینیوە.

بەپێی ڕۆژنامەکە، زۆری ژمارەی تووشبووان کێشەی دەستی کاری لە کەرتە جیاوازەکاندا دروستکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕاوی ئۆمیکرۆن مەترسییەکانی بەروارد بە گۆڕاوەکانی دیکە کەمترە.

لە بەریتانیا هەڵسەنگاندنەکان پیشانیدەدات لەهەر شەش کەسێک کەسێک تووشی کۆرۆنا بووە، لەدوای دەرکەوتنی ئۆمیکرۆنەوە.

هەروەها بەپێی نوسینگەی سەرژمێریی نیشتمانی لە دانیمارک، لە هەر پێنج کەسێک لەو وڵاتە کەسێک تووشی کۆرۆنا بووە، لە ئیسرائیلیش دەسەڵاتدارانی تەندروستی ڕایانگەیاندووە، لەهەر حەوت کەسێک کەسێک تووشی کۆرۆنا بووە.

کریستۆڤەر مۆرای بەڕێوەبەری پەیمانگای پێوانە و هەڵسەنگاندنە تەندروستییەکان لە زانکۆی واشنتن کە جاودێریی تەندروستیی جیهان دەکات رایگەیاند، “ئەو ساتەی ئێستا بێوێنەیە بەجۆرێک پێشتر دۆخی هاوشێوەی تۆمارنەکراوە، بەجۆرێک لەیەک کاتدا ژمارەیەکی زۆر نەخۆش لەجیهاندا هەبن”.

تریفۆرد پیدفۆرد زانای ڤایرۆسناسیی ئەمریکی دەڵێت، “لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا لە هەر پێنج ئەمریکییەک یەکێکیان تووشی ئۆمیکرۆن بووە”، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، “لە ماوەی هەشت هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی 40% دانیشتووانی ئەمریکا تووشبوون ئەوەش باوەڕپێنەکراوە و لەچەرخی نوێدا ئاماری لەو ژۆرە لە ژمارەیەکی زۆری نەخۆش تۆمارنەکراوە”.

بەراوردی دەکات بە وەرزی بڵاوبوونەوەی ئەنفلوەنزا، کە لەماوەی 16 هەفتەدا تەنها 10%ی خەڵک تووشدەبن.

لەگەڵ ئەوەشدا شەپۆلەکانی پێشووی کۆرۆنا، ژمارەیەکی کەمتریان لە جیهاندا تووشکردووە لە شوێنە جیاوازەکان، لەکاتێکدا ئۆمیکرۆن لەسەرتاسەری جیهاندا ژمارەیەکی یەکجار زۆری تووشکردووە لەگەڵئەوەی تائێستا بەشێک لە وڵاتانی ئاسیان گۆڕاوەکەیان تێدا بڵاونەبووەتەوە.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆمیکرۆن زیانی بە کەمبوونەوەی دەستی کار کردووە لەجیهاندا، هەروەها “پێشتر ڕووینەداوە ژمارەیەکی ئەوەندە زۆری کارمەند لە ماڵەکانیان کارەکانیان ئەنجامبدەن”.

دکتۆر ویلیام شافنەر پسپۆڕی نەخۆشییە کوشندەکان لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی ڤاندەرڤێڵت دەڵێت، دۆخی ئێستا ناچارمان دەکات بەراورد بکەین لەنێوان ئێستا و کاتی بڵاوبوونەوەی ئەنفلوەنزای ئیسپانی لە ساڵانی 1918 بۆ 1919، کە ئەو ڕێژە سەدییەی لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلوەنزا تۆمارکراوە لەم ماوە کەمەی بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن زیاتر لەو ڕێژەیە لە جیهاندا تۆمارکراوە.

پێشتریش ژمارەیەک پەتای دیکە بڵاوبوونەتەوە بەڵام لەهیچ کاتێکدا ئەو ژمارە زۆرە لە یەک کاتدا تۆمارنەکراوە.

لە مانگی کانونی دووەمدا زیاتر لە 84 ملیۆن حاڵەتی تووشبوون لەجیهاندا تۆمارکراوە، کە بەنزیکەیی دەکاتە سەرجەم ئەو ژمارەیەی تووشبووانی کۆرۆنا کە لە سەرتاسەری ساڵی 2020دا لەجیهاندا تۆمارکراوە.

بابەتی پێشتر

بەهۆی تیرۆركردنی دادوەرەکەی میسانەوە ئەنجومەنی دادوەری لە هێزە ئەمنییەكان ‏نیگەرانە

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ یەكگرتوو: هاوكار بین بۆ بنیادنانەوەی پایەکانی حکومداریی ‏تەندروست و خزمەتگوزار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share