یانەی بەرشلۆنە بەئامادەبوونی سەرجەم هاندەرانی لە یاریگای کامپ نو میوانداریی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی ڕکابەری دەکات.
بەهۆی بڕیاری ڕێپێدانی حکومەتی کەتەلۆنیا تایبەت بە ئامادەبوونی هاندەران، ئیدارەی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی بڕیاریداوە سبەی یەکشەممە یاریگای کامپ نو بەڕووی سەرجەم هاندەرانیدا بکاتەوە، هەروەها تەواوی بلیتەکانی یاریگا بفرۆشێت.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی یانەی بەرشلۆنە، یەکشەممەی داهاتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید کە بڕیارە (6:15) بەکاتی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، هاندەران دەتوانن بە بلیتی ساڵانەوە بەشداریبکەن، ئەو کورسییانەش کە دەچنە چێوەی سیستمی (Seient Lliure)، واتا کورسییە بەتاڵەکان، جێبەجێناکرێت و هاندەران دەتوانن لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بلیتەکان بکڕنەوە، واتا یاریگای کامپ نو بەتەواوی هاندەرانەوە پێشوازی لە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید دەکات.
یانەی بەرشلۆنە داوای لە هاندەرانی کردووە، پێشوەخت ئامادەی یارییەکە بن، ئەوەش لەپێناو خۆپارێزی و خۆبەدوورگرتن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
برشلۆنە کە لەپلەی پێنجەمی ڕیزبەندیی یانەکانی خولی ئیسپانیادایە، یەکشەممە لەچێوەی یارییەکانی هەفتەی 23ی خولی ئیسپانیا بە 35 خاڵەوە میوانداریی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی چوارەمی ڕیزبەندی دەکات، کە خاوەنی 36 خاڵە، براوەیان خۆی لە پلەی چوارەمدا جێگیردەکات.