ئامارەكانی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەرەوە لە عێراق مەترسیدارن

پرسی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەعێراقدا مشتومڕی بەردەوامی لەسەرە، لێدوانە ‏فەرمییەكان لەوبارەیەوە باسلەوەدەکەن، ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەناو ‏گەنجان و بەتایبەت خوێندکارانی زانکۆ و قوتابخانەکان و ئەوانەی کارەکانیان لەدەستداوە، ‏لەئاستێکی بەرزدایە.‏

بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەکان یەکێکە لەو دیاردانەی کە لەگەشەسەندندایە، ‏بەجۆرێک لە سەرجەم شارە عێراقییەکاندا بڵاوبووەتەوە، بەتایبەت باشووری وڵات، ‏لەناویشیاندا شاری بەسرەی دەوڵەمەند بە نەوت و پەیوەست بە سنوورەکانی ئێرانەوە، ‏هەروەها شاری موسڵی باکووری وڵات.‏

بەڕێوەبەرایەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانی سەر ‏بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە، لە ماوەی 22 مانگدا 17 هەزار کەسیان ‏بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکردووە. ‏

بەپێی ئەو لایەنە فەرمییە عێراقییە، بەشێک لەوانە لەکاتی هەوڵی دەستگیرکردنیاندا ‏ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە.‏

ژمارەیەک لە شارەکانی عێراق ئاماری مەترسیداریان تێدا تۆمارکراوە، لەوانە، بەسرە، ‏نەینەوا، عەمارە و بەغداد، هەروەها پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای وڵات بووەتە ‏سەرچاوەی هاتنی ملیۆنان حەبی کەپتاگۆنی هۆشبەر.‏

بەسرە لە پارێزگا هەرە زیانمەندەكانی عێراقە و هۆکارەکەشی بۆ شوێن و هەڵکەوتەی ‏جیۆگرافیی شارەکە دەگەڕێتەوە.‏

یەکێک لەو گەنجانەی بەسرە کە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرە بەناوی “حەیدەر”، کە ‏ناوێکی خوازرەوە دەڵێت، لە هاوڕێکانمەوە فێربووم، بازرگانان و فرۆشیارانی ماددە ‏هۆشبەرەکان گەنجان و نەوجەوانان دەکەنە ئامانجی ساغکردنەوەی ماددەکانیان، گەنجان و ‏نەوجەوانان زۆرترین کڕیارن، لەدوای کەسانی ئالودەبوو.‏

بەڕێوەبەرایەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە ‏وەزارەتی ناوخۆی عێراق دانی پێدادەنێت، كە بەهۆی هاوسنووریی بەسرە لەگەڵ ئێران، ‏لەو وڵاتەوە بڕیكی زۆر ماددەی هۆشبەر دزەی پێدەکرێتە ناو شارەکەوە، بۆیە بەسرە لە ‏هەرە زیانمەندترین شارەکانی عێراقە. ‏

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە ماددەی هۆشبەر و تاوانەکان، لە ئاماری ‏ساڵی ڕابردوویدا ئاماژەی بەوەکردووە، ماددەی کریستاڵ، کە مەترسیدارترین جۆری ‏ماددەی هۆشبەرە، زۆرترین بڵاوبوونەوەی هەیە لە عێراقدا.‏

بەپێی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ساڵی 2003 عێراق ڕێڕەوێك بووە بۆ ‏گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەبێ ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە بەکارهێنان و ‏بازرگانیکردن تۆماربکرێت، لەکاتێکدا ئێستا ئامارەکان لەئاستی بەرز و مەترسیداردایە.‏

بابەتی پێشتر

چۆن چین بووەتە پێشەنگی کشتوکاڵ لە جیهاندا؟

بابەتی دواتر

گەڕاندنەوەی پارەی گەندەڵیی تێدایە<br> ئەو پڕۆژانەی بەرهەم ساڵح وەك سەرۆك كۆمار ‏پێشكەشیكردوون ئاشكراكران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پێنجەم سەبەتەی خۆراك دابەشدەكرێت

وەزیری بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو پێنجەم سەبەتەی خۆراك لە بەغداد و پارێزگاكانی دیكە دابەشدەكرێت. عەلا جبووری،…
Total
0
Share