داوەری ئابڕووچوونەکە: خودا داوای لێکردم یارییەکە تەواوبکەم

داوەری زامبی یاریی نێوان تونس و مالی لە قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، جانی سیکازوی جەخت لەوە دەکاتەوە، خودا داوای لێکردووە لە خولەکی 85دا یارییەکە تەواوبکات.

لەڕووبەڕووبوونەوەی نێوان تونس و مالی، جانی سیکازویی داوەری یارییەكە دووجار بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە فیکەی کۆتایی لێدا و یارییەکەی کۆتایی پێهێنا، لەبەرامبەردا ستافی هەڵبژاردەی تونس ڕەخنەبارانیان کرد و لەنێو یاریگا هەرایەکی گەورە دروستبوو، دواتر بە ناچارییەوە بەردەوامی بە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا و لەلایەن میدیاکانەوە ناونرا “داوەری ئابڕووچوونەکە”.

لەو بارەیەوە داوەرەكە بە تۆڕی “بی بی سی”ی ڕاگەیاندووە، “خەڵکانێکم بینیوە بۆ ئەرکە نیشتیمانییەکانیان دەچنە دەرەوەی وڵات و لە تابوتێکدا گەڕاندوویانەتەوە، نزیکبوو منیش بەو شێوەیە بگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم، چانسم هەبوو تووشی کۆما نەبووم، ئەگەر ئەوە ڕوویبدایە ئێستا چیرۆکەکە بەشێوەیەکی تر باسدەکرا”.

هەروەها دەڵێت، “پزیشکەکان پێیانوتم کە جەستەم ساردنابێتەوە، چانسم هەبوو نەچوومە دۆخی کۆماوە و لەهۆش خۆم نەچووم، ئەوەش دەبووە کۆتاییم، پێموابێت لەو کاتەدا خودا داوای لێکردم یارییەکە تەواوبکەم، پەروەردگار ڕزگاری کردم”.

سیکازوی زیاتر دەدەوێت و دەڵێت، “کەشەکە زۆر گەرمبوو، ڕادەی شێ لەسەدا 85 بوو، جلەکانم گەرمببوون، تەنانەت ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەجەستەمەوە گەرمبوون، دمویست لەخۆمیان دووربخەمەوە و کۆتایی بەهەموو شتێک بهێنم، شڵەژام، تەنها گوێم لە ژاوەژاوێک بوو لەچواردەورم ئەیانوت زوو یارییەکەت تەواوکردووە، بەڕاستی دۆخێکی سەیربوو، لەمێشکی خۆمدا دەگەڕام بۆ ئەوەی کێ پێیوتم یارییەکە تەواوبکە، ڕەنگە لەگەڵ خۆم قسەمکردبێت، نەمدەزانی بارودۆخەکە چەند خراپە”.

بابەتی پێشتر

چێڵسی کەی یاریدەکات؟ خشتە و کاتی جامی جیهانیی یانەکان

بابەتی دواتر

بۆچی مێسی لە پاریس دەنگی نەما؟ لێدوانێکی 2015ی فێرگسۆن زیندووکرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share