قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق، لەبارەی كوژرانی سەركردەیەكی عەسائیب و دوو برایەوە پەیامێك بۆ موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەنێرێت و داوای ڕاگەیاندنی بێبەریبوون و پشتكردن لە بكوژان دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە حوسام عەلیاوی ئەفسەر بە پلەی ڕائید لە میسان تیرۆركرا، پێشتر دوو برای كە یەكێكیان سەركردەیەكی عەسائیبی ئەهلی حەق بوو بەناوی ویسام عەلیاوی تیرۆركراون.
لە كاردانەوەی ئەو ڕووداوەدا، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق، پەیامێكی لەڕێگەی تویتەرەوە بۆ موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر نارد و داوای لێدەكات بێبەریبوونی خۆی لە بكوژان ڕابگەیەنێت.
خەزعەلی لە تویتەكەیدا نووسیویەتی، “ئەو دەستەی حوسام عەلیاویی تیرۆركرد، هەمان ئەو دەستەیە كە پێشتر براكانی شەهیدی سەركردە ویسام عەلیاوی و عیسام عەلیاویی تیرۆركردبوو، ئەم دەستە دەیەوێت فیتنە بنێتەوە، بەتایبەت لەم كاتەدا”.
خەزعەلی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە بكوژان سەر بە سەرایا سەلام (گروپە چەكدارەكەی موقتەدا سەدر)ن و داوا لە ناوبراو دەكات بێبەریبوونی خۆی لەو كەسانە ڕابگەیەنێت، چونكە وەك خۆی ڕایگەیاندووە، “هێزە ئەمنییەكان ناتوانن دەستیگریان بكەن چونكە لەژێر ناوی سەرایا سەلامدا خۆیان داڵدەداوە”.