ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمریكا لە ئیدلب
دوای كوشتنی بەغدادی گەورەترینە و لە نزیك سنوورەكانی توركیا بووە

ئەو ئۆپەراسیۆنە تایبەتەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئیدلب ئەنجامدرا، لەماوەی چەند ڕۆژی ‏كەمی ڕابردوودا پلانی بۆدانراوە و “گەورە تیرۆرستێك” كراوەتە ئامانج، وەك ئەوەی ‏ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی دەیڵێت.‏

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن) بڵاویكردەوە، لەلایەن یەكەیەكی تایبەتی هێزەكانی ‏سوپای ئەمریكاوە “ئۆپەراسیۆنێكی سەركەوتوو” لە شارۆچكەی ئەتمە، كە دەكەوێتە شاری ‏ئیدلب و لەسەر سنووری توركیایە، ئەنجامدراوە.‏

ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە زاری بەرپرسانی ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، لە ‏ئۆپەراسیۆنەكەدا فڕۆكەی جەنگیی جۆری ئاپاچی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكارهێنراون.‏

دەشڵێت، “هێزی تایبەت بە بەشداری هێزی دیكە (كە ناوی ئاشكرانەكردووە و پێدەچێت ‏مەبەستی هێزەكانی هەسەدە بێت) هەڵیانكوتاوەسەر ناوچەی ئەتمە لە پارێزگای ئیدلب-ی ‏سوریا بۆ ماوەی زیاتر لە دوو كاتژمێر، بووەتە هۆی كوژرانی ژمارەیەك چەكدار و ‏ڕووخانی هەندێك باڵەخانە”.‏

بەپێی وتەی شایەتحاڵان “هێزەكانی ئەمریكا بە زەمینی پێكدادانیان لەگەڵ هێزی ‏بەرامبەردا ئەنجامداوە”.‏

شوێنی ئۆپەراسیۆنەكە باڵەخانەیەك بووە كە دەكەوێتە دووریی نزیكەی 15 میل لە گوندی ‏باریشا-ی سوری كە ئەبوبەكر بەغدادی، سەركردەی پێشووی داعشی لە تشرینی یەكەمی ‏‏2019دا لێ كوژرا.‏

پێشتر جۆن كێربی، وتەبێژی پێنتاگۆن ئۆپەراسیۆنەكەی بە سەركەوتوو ناوبرد و ‏ڕایگەیاند، هیچ زیانێك لەنێو هێزەكانی ئەمریكادا ڕووینەداوە و دواتر وردەكاریی ‏پرۆسەكە ئاشكرادەكەن.‏

ناوچەكە كە سەربازانی ئەمریكا و هێزەكانی یاوەری بە فڕۆكە خۆیان پێگەیاندووە، لەژێر ‏كۆنترۆڵی گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیایە، ڕۆیتەرز لە زاری شایەتحاڵانەوە دەڵێت، ‏بینای توندڕەوێكی بیانی كراوەتە ئامانج.‏

شایەتحاڵان دەڵێن، گوێیان لە تەقەكردنێكی زۆر بووە، یەكێكیش لە دانیشتووان وتوویەتی ‏‏”چەندین كەس كوژراون”، پرۆسەكەش بە ڕۆیشتنی فڕۆكەكان كۆتایی هاتووە.‏

چارلز لیستەر، بەڕێوەبەر لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە بارەگاكەی لە واشنتنە، ‏بە ڕۆیتەرزی وتووە، لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەكە دواوە و وتویانە پرۆسەكە زیاتر لە ‏دوو كاتژمێری خایاندووە.‏

وتیشی، “ئەوەی ڕوونە ئەوان ئامانجەكەیان ویستووە، هەر چۆنێك بێت” ئەوەشی وت، ‏‏”پێدەچێت ئەمە گەورەترین پڕۆسەی لەم جۆرە بێت” دوای ئۆپەراسیۆنەكەی سەر ‏بەغدادی.‏

بەرپرسێك لە چەكدارە بەرهەڵسكارەكان، كە ناوی ئاشكرانەكراوە، ڕایگەیاندووە، ئەو ‏‏”جیهادییەی” گومان دەكرێت بەئامانجگیرابێت، لەگەڵ خێزانەكەیدا بووە كاتی ‏ئۆپەراسیۆنەكە.‏

ئاشكراشیكرد، ئەندامانی ئاسایش لە دەستەی ئازادیی شام، ئەو گروپە سەرەكییەی ‏كۆنتڕۆڵی چەندین ناوچەی لە باكووری ڕۆژئاوای سوریای كردووە، گەیشتوونەتە شوێنی ‏ئۆپەراسیۆنەكە.‏

دەستەی ئازادیی شام كۆنترۆڵی بەشێكی بەرچاوی باكووری ڕۆژئاوای سوریای كردووە، ‏كە پارێزگای ئیدلب و بازنەیەك لە ڕووبەری دەوروبەری دەگرێتەوە، گروپەكە كە پێشتر ‏بە بەرەی نوسرە دەناسرا، بەشێك بوو لە ڕێكخراوی قاعیدە تا ساڵی 2016.‏

ژمارەیەك لە چەكدارانی بیانی لە دەستەكە جیابوونەتەوە و ڕێكخراوی پاسەوانانی دین ‏‏(حراس الدین)یان پێكهێناوە و ئەوەش وەك ڕێكخراوێكی تیرۆرستی بیانی ناسێندراوە، ‏لەماوەی چەند ساڵی كەمی ڕابردووشدا یەكێك لە ئامانجەكانی بۆردومانەكانی هاوپەیمانان ‏بوون.‏

لای خۆیەوە ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە لە ئۆپراسیۆنەكەدا لانیكەم ‏‏9 كەس كوژراون كە دوو منداڵ و ژنێكیان لەنێواندایە.‏

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی گەورەترین فراكسیۆن یەكلادەكاتەوە

بابەتی دواتر

پشكەكانی بەڕێژەی 22% دابەزیون.. مێتا 200 ملیار دۆلاری بەهاكەی لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share