نەتەوە یەكگرتووەكان جەختدەكاتەوە لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق و سەلامەتی خانەكەی و داواشدەكات ناكۆكییەكان لەڕێی گفتوگۆوە چارەسەربكرێن.
ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، پاش بۆردومانەكان لە موسڵ (مەخمور و شەنگال) لەگەڵ گەیشتنی زانیاری دەربارەی بوونی قوربانی لەنێو كەسانی مەدەنیدا “جەخت لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق و سەلامەتی خاكەكەی دەكەینەوە لە هەموو كاتێكدا”.
دەشڵێت، “پێویستە دانیشتووان بپارێزرێن و ناكۆكییەكان لەڕێی گفتوگۆ و هەماهەنگییەوە چارەسەربكرێن”.
شەوی ڕابردوو فڕۆكەكانی توركیا، كامپی ڕوستەم جودی-یان لە مەخمور و چەند ناوچەیەكیان لە شەنگال بۆردوومانكرد.
هێزی پاراستنی جەوهەریی کامپی مەخمور، کە هێزێکی خۆپاراستنی کامپەکەیە و لە دانیشتووانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی پێکدێت، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “دوو ئەندامی هێزی پاراستنی جەوهەریی شەهیدبوون، خەڵکی مەدەنییش کە ویستوویانە بەدەم کەسوکاریانەوە بچن، بوونەتە ئامانجی هێرشەکە، بەو هۆیەشەوە دەیان هاوڵاتیی کامپەکە برینداربوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دۆخی بریندارەکان لەژێر کۆنترۆڵدایە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرن”.