وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت، دوێنێ كۆتا ڕۆژی ئەو دەرفەتەبوو كە بۆ فەرمانبەر و مامۆستایان دیاریكرابوو بۆ وەرگرتنی ڤاكسین و ئەوانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، چیتر ناتوانن دەوامبكەن.
جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، دۆخی كۆچبەران، دۆخی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و هەماهەنگیی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و دیوانی چاودێریی دارایی حكومەتی ناوەند تاوتوێكران.
وتیشی، “لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە لەسەر بابەتی وەرگرتنی ڤاكسین، دوێنێ كۆتا ڕۆژ بوو وەكو دەرفەتێك بۆ فەرمانبەران و مامۆستایان بۆ ئەوەی ڤاكسین وەربگرن، ئەوانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، ناتوانن دەوامبكەن”.
جوتیار عادل ئەوەشی خستەڕوو، وەزیری دارایی كورتەیەكی لەبارەی بەرەوپێشەوەچوونی نێوان هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و ناوەند پێشكەشكرد، كە نزیكەی 95%ی كارەكان جێبەجێكراون و ئومێدەوارن لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئەوەی كە ماوە لەڕووی ئامادەكردنی (میزانی موڕاجەعەی مالی) تەواوببێت.
ئاماژەی بەوەش كرد، هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لە ئاستێكی زۆر باشدایە، وەكو حكومەتی هەرێم چەندین جار دووپاتیانكردووەتەوە كە دەرگا واڵایە بۆ دیوانی چاودێریی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم بۆ بەدیهێنانی شەفافییەت، دادپەروەری و سەروەریی یاسا.
دەربارەی ئەوەی ئایا لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە داوای ژمێرەی كۆتایی لە حكومەتی هەرێم كراوە سەبارەت بە خەرجكردنی 200 ملیار دینارەكە، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بە بەڵێنەكانی خۆمان پابەندین، لەوەی هەر شتێك پێویست بێت بۆ گەیشتن بە ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری، ئێمە ئامادەین و ئامادەشمان كردووە و گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، ئەمەش ڕۆڵی دەبێت هەم لە نووسینەوەی بودجە هەم لە پرسی 200 ملیارەكە تاڕادەیەك.
وتیشی، ناردنی 200 ملیار دینارەكە بەهیچ شێوەیەك تەعبیر لە پشكی هەرێمی كوردستان ناكات، بەڵكو سولفەیە بە هەرێمی كوردستان دەدرێت و پشكی هەرێم زیاترە لەوە. باوەڕی خۆیشی نیشاندا بەوەی ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بەردەوامدەبێت.