خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای كوردستان دەڵێت، تورکیا بۆ تۆڵەکردنەوەی شکستەکەی داعش لە حەسەکە، هێرشیكردەسەر مەخمور و شەنگال و دێرک.
خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەبارەی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور و شەنگال و شارۆچکەی دێرک، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەیدا خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی خەونی زیندووکردنەوەی داعش لەناوچوو، دەوڵەتی تورکیا بۆ تۆڵەکردنەوەی ئەو شکستە، لەیەک کاتدا شەهبا، شەنگال، کامپی مەخمور و گوندێکی دێرکی بۆردومانکرد.
دەشڵێت، “لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە دەوڵەتی تورکیا نیگەرانە لە شکستی داعش لە حەسەکە، هەوڵدەدات جارێکی دیکە سەقامگیریی ناوچەکە تێکبدات و زەمینەیەکی نوێ بۆ گەڕانەوەی تیرۆر ئامادەبکات”.
خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕاگەیەندراوەكەیدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و ڕوسیا دەکات، ڕێگری لە هێرشەکانی تورکیا بکەن و دەڵێت، “ئێمە ئەو ڕێککەوتنە بەبیر ڕوسیا و ئەمریکا دەهێنینەوە کە لەگەڵ دەوڵەتی تورک کراوە بۆ ئاگربەست”.