هێرشبەری فەرەنسی یانەی ڕیاڵ مەدرید، کەریم بنزیمە زیندانی ناکرێت، لەبەرامبەردا دادگای باڵای پاریس بڕی 230 هەزار یورۆی وەک سزای دارایی بەسەریدا سەپاندووە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی “لو پاریزیان”ی فەرەنسی، دادگای فەرەنسا بڕیاریداوە بە لێبڕینی 230 هەزار یورۆ لە ئەژماری بانکیی کەریم بنزیمەی هێرشبەری یانەی ڕیاڵ مەدرید، ئەوەش لەپای ئەو سکاڵایەی لە ڕابردوودا لەلایەن ماتیۆ ڤالبوێنا-ی یاریزانی فەرەنسیی هاوڕێیەوە لەسەری تۆمارکراوە.
لەماوەی ڕابردوودا، دادگا سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی ساڵێک و بڕی 75 هەزار یورۆ بەسەر هێرشبەرەکەی یانەی شاهانەدا سەپاند، ماوەی زیندانیکردنەکەشی لەڕووی داراییەوە لەلایەن دادگاوە بە 230 هەزار یورۆ خەمڵێنراوە.
بنزیمە تۆمەتبارە بە نێوەندگیرییەکی ناپاک لەنێوان ماتیۆ ڤالبوێنا و چەند کەسێکی نەناسراوی هەراسانکەر، کە لەڕابردوودا تۆمارێکی سێکسیی یاریزانەکە و هاوسەرەکەیان دەستکەوتووە، هەوڵیانداوە پارە لە یاریزانەکە بسەنن.
لەوبارەیەوە پۆل ئالبێرت، پارێزەری ڤالبوێنا بە فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، “هەوڵماندا بە کاش لە دەرەوەی دادگا ئەو بڕە لە بنزیمە بکێشینەوە، بەڵام یاریزانەکە قبوڵی نەکرد، ئێستا ئەوەی دادگا کردوویەتی باشترین بڕیارە”.
لە بەرامبەردا پارێزەرانی کەریم بڕیارەکەیان بەلاوە پەسەند نییە، بڕیاریانداوە لەبەردەم دادگا جارێکی دیکە پێداچوونەوە بکەن.