دادگای تورکیا بێتاوانی بۆ سێ بکوژی گەنجێکی سوری دەرکرد.. لێیانداوە تا مردن

بڕیاری دادگای تورکیا بۆ بکوژانی گەنجێکی سوری کە بەرلە دوو ساڵ کوژراوە، پارێزەر و کەسوکاری قوربانییەکەی تووشی سەرسوڕمان کرد و بە پێشێلکردنی دادپەروەری ناویدەبەن.

حەمزە عەجان ئەو گەنجە سورییە 17 ساڵەیە بەرلە نزیکەی دوو ساڵ لەلایەن چوار برای تورکەوە لە “بازاڕی شەعبی”ی ناوچەی گۆرسۆ کوژرا، دوای ئەوەی ئەو چواربرا سەوزەفرۆشە هەوڵی فێڵکردن و گاڵتەکردنیان بە ژنێکی سوریداوە و حەمزە هەوڵی دوورخستنەوەیانیداوە.

دادگای تاوانەکانی تورکیا لەشاری بۆرسە لە کۆتایی دانیشتنەکەیدا لەسەر ئەو دۆسیەیە بڕیاری سێ ساڵ و چوار مانگ بۆ یەکێک لەو چوار برایە بەبیانووی ئەوەی تەمەنی یاسایی تەواونەکردووە، هەروەها بڕیاری بێتاوانی بۆ سێ براکەی دیکە دەرکرد.

تەها غازی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا لەبارەی بڕیارەکەوە دەڵێت، ئەو بڕیارە هەمووانی تووشی سەرسوڕمانکرد، ئەو بڕیارە لەدەرەوە دادپەروەرییە، پارێزەری خێزانی قوربانییەکە لەڕۆژانی داهاتوودا تانە لەو بڕیارە دەدات.

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردووەتەوە، حەمزە دوای ئەوەی هەوڵدەدات ئەو چوار گەنجە تورکە کە سەوزەفرۆشن لە ژنێکی سوری دووربخاتەوە کە هەوڵی فێڵکردن و گاڵتەپێکردنیان داوە، لەلایەن ئەو چوار برایەوە لێیدراوە تاوەکو مردن.

بەپێی تەها غازی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، دادگا پشتی بە ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری بەستووە کە دوای ساڵ و نیوێک دەرچووە و بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەگەری هەیە حەمزە نەخۆشی دیکەی هەبووبێت پێشتر ئەوە هۆکاری مردنی بووە، نەک لێدانی ئەو گەنجانە ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات حەمزە نەخۆشیی خوێنی هەبووە و لیدانەکە کاریگەریی لاوەکیی هەبووە لەسەری.

لەلایەکی دیکەوە خێزانەکەی حەمزە ڕەتیدەکەنەوە کوڕەکەیان هیچ نەخۆشییەکی هەبووبێت لەساڵانی پێشوودا، داوای دووبارە پێداچوونەوەی ڕاپۆرتی پزیشکی دەکەنەوە.

بابەتی پێشتر

هاتوچۆی سلێمانی بەهۆی مەترسیی بەستەڵەکەوە دوو ڕێگای بەربەستکرد

بابەتی دواتر

شەش هەفتەیە نەوت بەردەوامە لەبەرزبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share