نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی حەوت ساڵی ڕابردوو بەرزبووەوە و گەیشتە 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەهۆی كەمبوونەوەی ئەمبارەكان و ناكۆكییە جیۆسیاسییەكانی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمڕۆ نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكاندا بەرزبووەوە و گەیشتە 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك. بەرزبوونەوەكە بەهۆی زیادبوونی مەترسییەكانی پەیوەندیدار بە ئۆكرانیا و ئەگەرەكانی هێرشی ڕوسیاوەیە بۆسەر ئەو وڵاتە. جگەلەوەی بەپێی ڕاپۆرتی پەیمانگای نەوتی ئەمریكی، یەدەگی خاوی ویلایەتە یەكگرتووەكان كەمیكردووە.
لە دەوروبەری كاتژمێر 14:45 بە كاتی گرێنچ نرخی نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 89.78 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، بە زیادبوون بە بڕی 1.79%، بە چەند خولەكێك پاش گەیشتنی بە 90.02 دۆلار ئەمەش بەرزترین ئاستە لەدوای تشرینی یەكەمی 2014ەوە.
جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، تاوتوێی سەپاندنی سزا بەسەر ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕوسیادا دەكات ئەگەر مۆسكۆ ئۆكرانیا داگیربكات.
بارگرژییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەشێكی دیكەی هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە، دوای ئەوەی گروپی حوسییەكانی یەمەن هێرشێكی مووشەكییان بۆسەر بنكەیەك لە ئیمارات ئەنجامدا.