دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی سكاڵاكەی دژ بە دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەران ڕەتكردەوە، بڕیارە هەنگاوەكان بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بنرێن، ئەو دوو پۆستەی كورد و شیعە ناكۆكییان لەسەری هەیە.
دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەمڕۆ لەمیانەی دانیشتنێكدا ئەو سكاڵایەی ڕەتكردەوە كە لەسەر پرسی دەستووریبوونی دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەران تۆماركرابوو و ڕایگەیاند، سەرۆكایەتیكردنی دانیشتنی یەكەم لەلایەن پەرلەمانتار خالد دەراجی پێچەوانەی حوكمەكانی دەستوور نییە.
دادگا بڕیارەكەی پێشووی خۆیشی دەربارەی هەڵپەساردنی كاتیی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ڕەتكردەوە و دووپاتیكردەوە، مەشهەدانی ناتوانێت بەردەوامبێت لە ئیدارەدانی دانیشتنی یەكەم، پاش ڕاگەیاندنی خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران.
بەمەش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەكە دەتوانن كارەكانی خۆیان دەستپێبكەن، كە دیارترینیان هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێیە لە ماوەی یاساییدا، كە بەپێی دەستوور، لەماوەی مانگێكی دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت، بەمەش پێویستە هەڵبژاردنی كەسێك بۆ پۆستەكە تا 8ی شوباتی داهاتوو یەكلابكرێتەوە.
بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لە ساڵی 2005ــەوە لە ئارادایە، پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شیعە و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ سوننە دەبێت.
لەم خولەدا لایەنەكانی كورد و شیعە لەبارەی بەركەوتەكانیان لە ناكۆكیدان، پۆستی سەرۆك كۆمار كە پشكی كورد و بەپێی ڕێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، پشكی یەكێتی-یە، بۆ ئەمساڵیش هاوشێوەی خولی ڕابردوو پارتی كاندیدی خۆی پێشكەشكردووە و خواستی وەرگرتنی پۆستە عێراقییەكەی هەیە.
لە بەرامبەردا یەكێتی سەرەڕای وەبیرهێنانەوەی ڕێككەوتنی پێشوویان، ئەنجومەنی سەركردایەتییەكەی لە دوایین كۆبوونەوەیدا دەڵێت، پارتی ”تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزیی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاویناوە و ڕێککەوتنیان لەگەڵ هەندیک لایەنی سیاسی واژوو کردووە و لە چێوەی ئەو ڕێککەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشكەشكردووە”.
لەگەڵ ئەوەشدا سووربوونی لەسەر داكۆكی لە مافی حزبەكە و سازشنەكردن لەسەری دووپاتكردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش شەوی ڕابردوو بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای یەكێتی گەیشتە بەغداد و بڕیارە زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە ئەنجامبدا بەمەبەستی سەرخستی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح، كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆك وەزیرانیش، ڕەوتی سەدر بە پشكی خۆی دەزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا سوورە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی، ئەمەش شارەزایان بە دوورخستنەوەی هەندێك لایەنی شیعە و بەدیاریكراویش هاوپەیمانییەكەی نوری مالكی ناویدەبەن.
سەدر ئەمڕۆ لە نوێترین تویتیدا جارێكی دیكە جەختی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە كردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەشكرد، كە دەرگایان واڵایە بەرامبەر ئەوانەی “نیەتباشییان لێ بەدیدەكەن”.
سەدر نەیشاردەوە كە دەیەوێت لەگەڵ لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی پێكەوە حكومەت پێكبهێنن، بەڵام بەدوور لە دەوڵەتی یاسای نوری مالكی.
لە بەرامبەریشدا بڕیارە ئەمڕۆ سەركردە و لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن و تیایدا سەرەڕای هەڵسەنگاندنی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدڕاڵی، هەنگاوەكانی داهاتووی خۆیان دیاریبكەن، وەك ئەوەی سەركردەیەكی ئەو هێزانە بۆ میدیا عێراقییەكانی ئاشكراكرد.
بەر لەو كۆبوونەوەیەش ژمارەیەك لە میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بە سەردانێكی ڕانەگەیەندراو گەیشتووەتە عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو زنجیرەیەك كۆبوونەوە و دیداری لە بەغداد و نەجەف ئەنجامدا بەمەبەستی یەكخستنی هێزە شیعییەكان لەبارەی پێكهێنانی حكومەت.
بەپێی میدیاكان قائانی لەم سەردانەشیدا چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ هێزە سیاسییەكاندا دەكات، سەرەڕای تاوتوێكردنی وتوێژەكانی نێوان ڕەوتی سەدر و چێوەی هەماهەنگی.