تێلسکۆپی جەیمس وێب، کە لەلایەن ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ناسای ئەمریکییەوە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا، بۆ گەیشتن بە زانیاریی ورد لەبارەی سەرەتاكانی پێكهاتنی گەردوون، دوێنێ دووشەممە تێلسکۆپەکە گەیشتە خولگەكەی، کە 1.6 ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە.
ئێستا تێلسکۆپی جەیمس وێب لە مانۆڕی ناردنی مووشەکەكانی کۆکەرەوەی زانیاریدایە، بۆئەوەی بۆ کۆتاجار جێگیرببێت و دوای جێگیربوونی، خزمەتەکانی وێب بۆ مرۆڤایەتی دەستپێدەکات.
تێلسکۆپەكە ئێستا گەیشتووەتە خاڵی کۆتایی لە خولگەکەیدا، کە بە خاڵی LAGRAND2 ناسراوە، گەیشتنیشی بەو خاڵە دوای مانگێکە لەڕەوانەکردنی.
وێب بۆ وەرگرتنی هاوسەنگیی تەواو لەماوەی نێوان خۆر و زەوی و جێگیربوونی، پێویستی بە بڕێکی کەم لە وزە هەیە.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لەزاری جۆنگ دۆرنینگ جێگری بەڕێوەبەری پرۆژەی جەیمس وێب لە ئاژانسی ناسا ڕایگەیاند، “هەموو هەنگاوەکان بەپێی ئەو سیناریۆیەی هەمانبووە دڵخۆشکەرن، پێشبینیی ڕووداو و هەڵەی شۆکهێنەرمان دەکرد، بەڵام خۆشبەختانە تائێستا هیچ هەڵەیەک ڕووینەداوە”.
جەیمس وێب لەتوانایدایە زانیاریی تیشکی سەبارەت بە چەند سەد ساڵێک دوای تەقینەوە گەورەکەی گەردوون “BIG BANG” کۆبکاتەوە، کە دەکاتە 13.8 ملیار ساڵی ڕابردوو.
دەتوانێت گەلە ئەستێرە سەرەتاییەکانی دوای تەقینەوە گەورەکە ئاشکرابکات، هەروەها ئەو تەنانەی لە زەوییەوە نزیکن و لە کۆمەڵەی خۆردان، ئاشکرادەکات.
وێب لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دیزاینکراوە و لە نەوەدەکاندا پەرەی پێدراوە، لە 25ی 12ی 2021دا ئاژانسی ناسا لە لە بنكەی کۆرۆ لە ئاژانسی ئاسمانیی ئەوروپاوە لە “گوایانا”ی فەرەنسیەوە، كە دەكەوێتە ئەمریكای باشوور، بەرەو بۆشایی ئاسمان ڕەوانەیکرد.