میدیای عێراقی باس لەوە دەكات كە فەرماندەیەكی سەربازی و چەندین ئەفسەر چەكیان بە داعش فرۆشتووە، بروسكەیەكی نهێنی داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلە و ژماردنی چەكەكان دەكات.
بەشێك لە دەزگاكانی میدیای عێراقی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویانكردەوە، عەمید ڕوكن – عەلا گاتع حەسەن فەرماندەی تیپی شەشەمی سوپای عێراق و ژمارەیەك ئەفسەری تر چەكیان بە داعش فرۆشتووە.
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە فرۆشتنی چەكەكان بە داعش لە شارۆچكەی تاڕمییەی باكووری بەغداد بووە و تا ئێستا زانیارییەكان پشتڕاستكراوە نین، بەڵام حكومەت پەرچەكرداری نواند.
بەپێی زانیارییەكان، لە كاردانەوەی ئەو بابەتەدا، سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای عێراق بروسكەیەكی نهێنی ناردووە بۆ هەموو تیپ و كەرتەكانی هێزەكانی سوپا و فەرمانیكردووە بە پەلە هەموو چەك و تەقەمەنییەكان بژمێردرێن، لێكۆڵینەوەی خێراش لە دەنگۆی فرۆشتنی چەك بە داعش بكرێت.