نوێنەرایەتیی گشتیی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی ڕایگهیاند، لە بەشە ناوخۆییەكان بهستنى تەنكیی ئاو و گازی شلی LPG كێشەى بۆ خوێندكاران دروستكردووه، بۆیه بڕیاریاندا ئەم هەفتەیە خوێندكاران نەچنەوە بۆ دەوام.
له ڕاگهیهندراوێكدا نوێنەرایەتیی گشتیی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی ئاماژهى بهوه كردووه، بەھۆی ئەو كەشوھەوا بەفراوی و سەختەی ناوچەكەی گرتووەتەوە، ئاستەنگیی گەورەی ھاتوچۆ بۆ زۆربەی ڕێگاوبانەكانی كوردستان دروستبووە، كە ئەمەش مەترسییە لەسەر ژیانی خوێندكاران”.
له بهشێكى دیكهى ڕاگهیهندراوهكهدا هاتووه، “دوای بە دواچوونمان بۆ بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆ بۆماندەركەوت كە ھاوشێوەی ماڵان ھەر یەك لە تەنكیی ئاو و گازی شلی LPG ی باڵەخانەی بەشە ناوخۆییەكان تووشی بەستن بوون و ئەمەش كێشە دروستدەكات لە ھەوا و ئاوی گەرمی بەشە ناوخۆییەكان لەكاتی گەڕانەوەی خوێندكاردا”.
بۆیە وەك دەڵێت بڕیاریانداوه ئهم هەفتەیە خوێندكاران نهچنهوه و وانەكان بە ئەلیكترۆنی بخوێندرێن و تاقیكردنەوەكانیش دوابخرێن بۆ هەفتەی دواتر .