بەریتانیا، مۆسکۆ بەوە تۆمەتباردەکات کە هەوڵدەدات سەرۆکێک لە کیێڤ دابنێت نزیک بێت لەخۆی، دەشیەوێت ئۆکرانیا داگیربکات، بەڵام ڕوسیا ئەو لێدوانانەی بەریتانیا ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، بەڵگەیە بۆئەوەی ناتۆ دەیەوێت ئاڵۆزییەکان سەبارەت بە ئۆکرانیا زیاتر بکات.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، “زانیاریمان لەبەردەستدایە کە ڕوسیا پەیوەندیی لەگەل ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی پێشووی ئۆکرانیاوە کردووە و بە بەردەوامی لەپەیوەندیدایە لەگەڵیاندا”.
وەزارەتەكە وردەكاریی زیاتری ئاشكراكردووە بەوەی “ڕوسیا هەوڵدەدات یەڤگینی مورایێڤ، کە یەکێکە لە سیاسەتمەدارانی پێشووی ئۆکرانیا، وەک سەرۆکی ئەو وڵاتە دابنێت”، بەڵام جەختیکردووەتەوە، لەندەن ئەو گەلەکۆمەیەی مۆسکۆ بۆسەر کیێڤ قبوڵناکات.
پاڵپشتیی تەواوی بەریتانیاش دووپاتكراوەتەوە بۆ ئۆکرانیا لە پاراستنی سەروەریی خاکەکەی لەو سنوورەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانیپێداناوە”.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ناوی هەریەکە لە سێرگی ئەربۆزۆڤ (جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا لە ساڵانی 2012 بۆ 2014، وەک سەرۆک وەزیرانی کاتیی ئۆکرانیا) و ئەندریێ کلۆیێڤ (کە سەرۆکایەتیی ئیدارەی سەرۆکایەتیی پێشووی ئۆکرانیای دەکرد) و میکۆلا ئازارۆڤ (سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا لە ساڵانی 2010 بۆ 2014) و فۆلۆدیمێر سیفکۆفیچ (جێگری پێشووی ئەمینداری گشتیی ئاسایشی نیشتمانی و بەرگریی ئۆکرانیا)ی هێناوە.
لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئاشکرایکرد، ئەو لێدوانانەی بەریتانیا بەڵگەن بۆئەوەی ناتۆ هەوڵدەدات ئاڵۆزییەکانی ئۆکرانیا زیاتر بکات.
داواشی لە بەریتانیا کرد چالاکییە بێزارکەرەکانی ڕابگرێت.