بافڵ تاڵەبانی: مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد پارتی-ی کردە حزبێکی گەورە و کاریگەر

لە ساڵڕۆژی كۆچی دوایی ئیبراهیم ئەحمەد، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، “مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد پارتی دیموکراتی کردە حیزبێکی گەورە و کاریگەر لە كوردستان”.

لە ڕاگەیەندراوێكدا بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی نیسان، ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ 21 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستای خەباتی سیاسی، کوردایەتی، ڕووناکبیری و ڕۆژنامەگەری، مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد تێپەڕدەبێت”.

بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد یەکێکە لە سیمبولەکانی سیاسەت، نیشتمانپەروەری، ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەریی کوردستان لە سەدەی ڕابردوودا، سیاسییەکی بیرتیژ و دووربین، قەڵەمێکی پڕ لە ورە و ڕۆشنبیرێکی نوێخوازی میلەتەکەمان بوو، لەپێناو کوردستان و سەربەرزیی خەڵکەکەی دەژیا”.

هاوسەرۆكی یەكێتی ڕاشیگەیاندووە، “مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە ژیانی سیاسیی خۆیدا بڕوای بە بیری نەتەوەیی و نوێگەری هەبوو، هەر ئەمەش وایکرد کاتێک بە سکرتێری پارتی ھەڵبژێردرا، بناغەیەکی نوێی بۆ حیزبایەتی دانا و ڕۆحێکی نوێی بە جوڵانەوەی سیاسی و خەباتی کوردایەتی بەخشی، ئەو ڕۆحییەتە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بووبوو بە هەوێنی سیاسەتی پارتی و وایکرد کۆمەڵانی خەڵک بەپیر ئەو حیزبەوە بچن و پێشوازی لێبکەن”.

“خەڵکی کوردستان بە ڕۆحێکی خۆنەویستی و شۆڕشگێڕانەوە پێشوازییان لە هەوڵەکانی مامۆستا دەکرد و وەک ڕابەرێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری تەماشایان دەکرد، ئەو بوو بیروبۆچوونە جیاوازەکانی کۆدەکردەوە و تۆوی نیشتمانپەروەری لە ڕێکخستنەکانی حیزب و دڵی خەڵکی کوردستاندا چاند و پارتی دیموکراتی کردە حیزبێکی گەورە و کاریگەر لە کوردستان”، وەك بافڵ تاڵەبانی وتویەتی.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئەمڕۆ کە یادی ئەو ڕابەرە نەتەوەییەی کورد دەکەینەوە، لە ھەمووکات زیاتر پێویستمان بە خەبات و بیری نیشتمانی و نوێگەری مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەدە بۆ سیاسەت و حوکمڕانی، پێویستمان بەو توانا بێسنوور و دونیابینی و رۆشنبیرییە فراوانەی ئەوە بۆ یەکخستنەوەی ھێز و تواناکان بۆ گەشەپێدانی رۆشنبیری لە ھەموو کایەکانی ژیان، بەڵێن دووپاتدەکەینەوە ئێمە بە ئەمانەتەوە درێژەی پێدەدەین و دەیبوژێنینەوە، بە شوێنپێی ئەودا دەڕۆین و وانەکانی دەکەینە چرای ژیانمان”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێکمان دەستگیرکرد کە لە سناپچات بە فێڵ 17 هەزار دۆلاری لە هاوڵاتییەک وەرگرتبوو

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند، تۆمەتبارێکمان دەستگیرکرد کە لە سناپچات بە فێڵ 17 هەزار دۆلاری لە هاوڵاتییەک وەرگرتبوو. بەڕێوەبەرایەتیی…
Total
0
Share