ئهنجومهنى وهزیرانى ههرێم كۆدهبێتهوه و پرسی دابهشكردنى نهوت تاوتوێدهكات، لەكاتێكدا تا ئێستا و لە ناوەڕاستی وەرزی سەرما و بەفردا زۆرێك لە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان نەوتیان وەرنەگرتووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویكردهوه، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەنجام دەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
- خستنەڕووی پێشنیازەکانی کۆبوونەوەی لیژنەی وەزاریی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی چەند بابەتێک پەیوەست بە وەزارەتەکانی ناوخۆ، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی، تەندروستی.
- خستنەڕووی پێشنیازی ئاسانکاریی بۆ گەڕانەوەی پێشینەکان و باج و ڕەسم و سزای دارایی و کرێی موڵک و ماڵی دەوڵەت.
- ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە.
قسەكردن لەسەر دابەشكردنی نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا لەكاتێكدایە، زۆرێك لە هاوڵاتییان نەوتی سپییان وەرنەگرتووە، سەرەڕای ئەوەی هەر زوو و پێش هاتنی وەرزی سەرما، وەزیری سامانە سروشتییەكان بەڵێنی دا نەوت بەسەر هەموو ماڵەكانی هەرێمی كوردستاندا دابەشدەكرێت.
تەواوی هەرێمی كوردستان پێویستی بە 253 ملیۆن لیتر نەوت هەیە بۆ ئەوەی هەر ماڵێك بەرمیلێك نەوت وەرگرێت، بەڵام تا ئێستا حكومەت نزیكەی 62 ملیۆن لیتر نەوتی دابەشكردووە.
زۆرێك لە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان تەنانەت زستانی 2020یش نەوتی سپییان وەرنەگرتووە.