خۆبەڕێوەبەری شەنگال هۆشداری لە زیادبوونی جموجوڵە سەربازییەكانی سوپای عێراق لە ناوچەكەدا دەكات و دەڵێت، عێراق بە پاساوی سەقامگیری هێزێكی زۆری جێگیركردووە و ئۆباڵی ڕووداوێكی هاتوچۆش دەخاتە ئەستۆی ئەو هێزانە.
خۆبەڕێوەبەریی شەنگال ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی زیادبوونی جموجوڵە سەربازییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سوپای عێراق لە شەنگال بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو جموجوڵانە بەپاساوی ئارامیی شەنگال ئەنجامدەدرێت، بەڵام ئەنجامەکەی بۆ شەنگال تەنها زیانە و، وەک درێژەی پیلانی هەولێر و بەغداد دژی شەنگال ناوبردووە.
دەشڵێت، “وەک دەزانین ئێوارەی دوێنێ ڕووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان سنوونێ و خانەسوور ڕوویدا، بەهۆیەوە دوو خوێندکار گیانیان لەدەستدا و 27 کەسی دیکە برینداربوون، لەڕاستیدا بەلای ئێمەوە ئەوە تەنها ڕووداوێکی هاتووچۆی ئاسایی نەبوو، بەڵکو ئەوەی بووەتە هۆکاری دروستبوونی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، زیادبوونی جموجوڵە سەربازییەکانی عێراقە”.
بۆ ڕای گشتیش دەڵێت، چەند ڕۆژێکە بە سەدان ئۆتۆمبێلی سەربازیی و زرێپۆش لە سەنتەری شەنگال و دەوروبەری بڵاوکراونەتەوە، جموجوڵێکی گەورەی سوپای عێراق لە شەنگال هەیە.
خۆبەڕێوبەریی شەنگال جوڵەپێكردنەكە بە بەشێك لە “پلانگێڕی پارتی و حكومەتی كازمی ناودەبات” و دەڵێت، “دەیانەوێت قەیرانە سیاسییەکانی عێراق بقۆزنەوە بۆ سەپاندنی هەژموونیان لە شەنگال”.
هاوكات داواش لە هێزە سیاسیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات، دژی پیلانەکانی هەڵگیرساندنی شەڕ بووەستنەوە و لەسەر بنەمای خۆبەڕێوبەریی شەنگال دەرگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکەنەوە.