هۆشداری لە گەشتی کەشتییەکی ئەمریکی دەدرێت کە چوار هەزار و 700 گەشتیاری لەسەرە

گەشتی کەشتیی ئەمریکیی ڕۆیاڵ کاریبیان کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە دەستبکات بە گەشتەکەی مشتومڕی لەناوخۆی ئەو وڵاتە دروستکردووە، بەهۆی ئەوەی کەشتییەکە چوار هەزار و 700 گەشتیار هەڵەگرێت و دەسەڵاتی تەندروستیی ئەمریکاش هۆشداریی دەدەن لەبارەی مەترسیی ئۆمیکرۆنەوە لەناو ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیارانی کەشتییەکە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لەگەڵئەوەی زۆرینەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی زۆری ئۆمیکرۆنەوە گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام کۆمپانیای “ئەتلانتس ئیڤێنتس” سوورە لەسەر ئەوەی گەشتەکەی بەبۆنەی یادی 30 ساڵەی دامەزراندنییەوە ئەنجامبدات کە یەکێکە لە گەورەترین گەشتەکان و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەستپێدەکات.

لەوبارەیەوە ناوەندی کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا CDC هۆشداریدەدات لەگەشتی کەشتییەکە بەو ژمارە زۆرەی گەشتیارانەوە و دەڵێت، دەبێت ڤاکسینکردن لەبەرچاوبگیرێت، کۆمپانیاکەش ئاشکرایکردووە کە سەرجەم ڕێکارە خۆپارێزییەکان لەگەشتەکەدا لەبەرچاوگیراوە.

بەپێی کۆمپانیاکە سەرجەم گەشتیاران پێویستە لەناو کەشتییەکەدا ماسک ببەستن جگە لەکاتەکانی خواردن و خواردنەوە و ئەوکاتانەی لەهەوای کراوەدان.

بەرپرسی ڕۆیاڵ کاریبیان دەڵێت، هەرچەندە لەچەند هەفتەی پێشوودا ڕێژەی تووشبوون بە ئۆمیکرۆن بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە بەڵام ڤایرۆسەکە نەبووەتە هۆی نیشانەی توند و مەترسیدار لەتووشبووەکاندا بۆیە ناکرێت بە ڤایرۆسێکی مەترسیدار دابنرێت.

ڕیچ کامبڵ سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەڵێت، “دوو ساڵمان بەبێ داهات بەڕێکرد، ئێمە کۆمپانیایەکی بچوکین ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورەیە لەپێناو مانەوەمان”.

بابەتی پێشتر

بایدن، باوەڕی بە هێزی سەربازیی ئەمریکا نەماوە؟

بابەتی دواتر

بایدن لەیادی مارتن لۆسەر کینگ-دا: دیموکراسییەکەمان لەژێر هەڕەشەدایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share