بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینیدەكات ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکان بەفرببارێت، بەڵام بەفربارینەكەی سبەینێی ناوەندی هەردوو شاری سلێمانی و هەڵەبجە بە ئەگەر ناودەبات.
پێشبینییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان.
کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات، سبەینێ یەکشەممە ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران و بەردەوامیی بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینییەکانی کەشناسی دەریدەخەن سبەینێ ئەگەری بەفربارین هەیە لەناو ناوەندی هەردوو شاری سلێمانی و هەڵەبجە.
هەروەها لە سبەینێوە پلەکانی گەرما سێ بۆ چوار پلە نزمدەبنەوە.