مەکتەبی سیاسیی پارتی داوای دۆزینەوە و سزادانی هێرشکەرانی سەر بارەگاکەیان دەکات

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایاگەیاند ئەو هێرشانەی کرانە سەر بارەگای پارتی و چەند لایەنێکی دیکە کارێکی تێکدەرانەیە و کێشەکان چارەسەر ناکەن، داوا دەکەن هێرشکەرەکان بدۆزرێنەوە و بەپێی یاسا سزابدرێن.

لەڕاگەیەندراوێکدا مەکتەبی سیاسیی پارتی بڵاویکردەوە، ” ئێمە لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ھێرشکردنەسەر بارەگای پارتیمان و بارەگای لایەنەکانی دیکە بەکارێکی تێکدەرانە دەزانین و ئیدانەیان دەکەین”.

پارتی دەڵێت، “بەئەنجامدەرانی ئەو جۆرە کردەوانەش دەڵێین ئەو ئسلوب و ڕەفتارانەتان ڕێگای چارەسەری کێشەکان نین بەڵکو بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن”.

مەکتەبی سیاسیی پارتی، پاراستنی بارەگاکانی و ئەندامانی حزبەکەی دەخاتە ئەستۆی دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق.

هەروەها داوادەکات، دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی بکەری ئەم ھێرشانە بدۆزنەوە و بەپێی یاسا سزایان بدەن.

بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە بە بۆمبێک هێرشکرایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغدا و تائێستا بکەرانی دەستگیرنەکراون، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتەوە.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی: دوو تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران

بابەتی دواتر

پۆلیسی دهۆک سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد بەفێڵ زیاتر لە 16 ملیۆنیان لە کچێک وەرگرتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share