مەترسی “داڕمانی ئابوری”ی هەرێم لەئارادایە؟ پەیمانگای واشنتن: باشترە هەرێم لەبواری وزەدا هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد بكات

بۆ دووركەوتنەوە لە هەرەسهێنانی ئابوریی هەرێمی كوردستان و چارەسەری ناكۆكییە ‏ناوخۆییەكان لە عێراق دەربارەی وزە، پەیمانگای واشنتن چەند پێشنیارێك دەخاتەڕوو و ‏دەشڵێت، باشترە هەرێم هەماهەنگی لەگەڵ ئەو لیژنانەدا بكات كە حكومەتی ناوەند ‏پێكیهێناون.‏

بڕیارەكەی شوباتی ڕابردووی دادگای باڵای فیدراڵی دەربارەی ڕەتكردنەوەی یاسای نەوت ‏و گازی هەرێم و پێویستیی ڕادەستكردنی دۆسیەی وزە بە حكومەتی ناوەند، ناكۆكییەكانی ‏نێوان هەردوو حكومەتی بەغداد و هەولێری بردە قۆناغێكی نوێوە.‏

حكومەتی ناوەند، كە سوورە لەسەر ئەوەی دۆسیەی نەوت لە دەسەڵاتی فیدراڵدا بێت، ‏هەرێم پشتبەست بە ماددەكانی (110، 112 و 115) پێیوایە یاسای نەوت و هەنگاوەكانی ‏لەبواری دەرهێنان و فرۆشی نەوت یاسایی و دەستوورییە.‏

بەڵام لەدوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، حكومەتی ناوەند پێیوایە بڕیارێكی ‏پابەندی لەبەردەستدایە و لەڕێیەوە كار لەسەر گواستنەوەی مافی بەبازاڕكردنی نەوت بۆ ‏بەغداد بكات، جگە لە چاودێریكردنی سەرجەم گرێبەستەكانی پەیوەست بە نەوت لەلایەن ‏حكومەتی فیدراڵی و لەڕێی وەزارەتی نەوتەوە.‏

پەیمانگای واشنتن بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت، سەرەڕای گومانی هەرێمی ‏كوردستان لە دەستووریبوونی سیاسەتی عێراق سەبارەت بە نەوت، بەڵام بەغداد و ‏زۆرینەی چاودێرانی نێودەوڵەتی دەڵێن، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كۆتاییە و پێویستە ‏پابەندیی پێوەبكرێت. ‏

پەیمانگاكە پێیوایە، پشتگوێخستنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەلایەن هەرێمەوە، وەك ‏ئەوەی دەردەكەوێت هەرێم وا بكات، دەبێتە هۆی گرژبوونی دۆخەكە.‏

بە دیدی پەیمانگای واشنتن، لەبری ئەوە، پێویستە لەسەر كورد بچێتە نێو ئەو سێ ‏لیژنەیەی كە بەغداد پێكهێناوە تایبەت بە لایەنە جیاوازەكانی بڕیارەكەی دادگا، “ئەگەر ئەم ‏ڕێگایە بگرێتەبەر، دەكرێت كاری یەكلاكردنەوە و كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان ‏دەستپێبكات، ئەگەر ڕەتیشیبكەنەوە، بەرپرسانی فیدراڵی ناچاردەبن بڕیارەكە وەكخۆی ‏جێبەجێ بكەن”.‏

لە ڕاپۆرتی پەیمانگا ئەمریكییەكەدا هاتووە، ئەگەر بەرپرسانی بەغداد ئەو هەنگاوە نەنێن، ‏ڕووبەڕووی مەترسی زۆر ڕاستەقینە دەبنەوە، وەك هێرشی گروپە چەكدارە ‏پشتیوانكراوەكانی ئێران، یان لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵیان، یاخود دوورخستنەوەیان لە ‏پۆستەكانیان. جگە لەوەی جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەبێتە هۆی دەرچوونی بڕیاری دادگا دژ ‏بە هەر بازرگانێكی نەوت، كۆمپانیاكانی ڕەوانەكردن و دەرهێنان لە هەر هەماهەنگییەك ‏لەگەڵ دەسەڵاتدارانی كورد.‏

ڕاپۆرتەكە، كە لەلایەن “مایكل نایتس”ــەوە نووسراوە، هانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ‏ئەمریكا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی دەدات ڕێگری لە ڕوودانی هەر ئاڵنگارییەك بكەن و ‏هاریكاری عێراق بكەن لە یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی پەیوەندیدار بە وزە بەشێوەی ‏كۆتایی. بەتایبەت لەكاتێكدا كە هیچكام لە هاوبەشەكانی ئەمریكا نایانەوێت دابینكردنی ‏نەوت بۆ بازاڕەكان بە نزیكەی 500 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە كەمبكات لەكاتێكدا شەڕی ‏ئۆكرانیا-ڕوسیا لەئارادایە. وەك ئاماژەیەك بۆ ئەگەری ڕاگرتنی نەوتی هەرێم، لەكاتێكدا ‏هەرێمی كوردستان چاوی لەسەر ئەوەیە غازی سروشتی هەناردەی بازاڕەكان بكات ‏لەسایەی مەترسیی یەكێتیی ئەوروپا لە بڕینی غازی ڕوسیا.‏

پەیمانگاكە چەند پێشنیارێك لەبواری سیاسەتی گشتی دەخاتەڕوو و دەڵێت، پێویستە ویلایەتە ‏یەكگرتووەكان و لایەنەكانی دیكە بەلێهاتوویی و خێرایی دەستێوەردان بكەن، یەكەم لەڕێی ‏ئیدارەدانی ئەو قەیرانەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دروستیكردووە، بەشێوەیەكی ‏بونیادنەرانە، دواتر هاوكاریكردنی بەغداد و هەولێر بۆ گەیشتنە لێكتێگەیشتن و ‏ڕێككەوتن، ئەگەر بەشێوەی هەنگاوی لاوازیش بێت، لەڕێی گفتوگۆوە.‏

پێشیوایە، پێویستە بەرپرسانی ئەمریكی بزانن كە كاتی قەیرانەكە دروستكراوی تاران و ‏گروپە پشتیوانەكانێتی و بڕیارەكەی دادگاكەش بە دەستێوەردانی ئێران لەقەڵەمدەدات بۆ ‏گۆڕینی پارسەنگییەكە لە پرۆسەی هەستیاری پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا و دەڵێت، ‏لەڕێی دروستكردنی كەلێن لەنێوان هاوبەشە كورد و عەرەبەكانی ئەمریكا لە عێراق، ‏تاران دەیەوێت بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە بگرێت و وابكات ‏گروپەكانی نزیك لەخۆی شكستی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ڕابردوو بگۆڕنەوە بە سەركەوتن.‏

پەیمانگای واشنتن پێشنیاری ئەوەش دەكات نێردەكانی ئەمریكا لە بەغداد و هەولێر گروپی ‏كار دروستبكەن، یان بچنەپاڵ كۆمەڵەكانی كاری دیپلۆماسی و ئابوری لە هەولێر بۆ ‏هەماهەنگیكردن لە وتووێژەكانی نێوان بەغداد و هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی گەیشتنە ‏چارەسەرێك لە بەرژەوەندیی هەردوولا و دڵنیاكردنەوەی كورد بەوەی هەماهەنگییەكەی ‏لەگەڵ بەغداد لە چێوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نابێتەهۆی سنوورداركردنی قەوارە ‏دەستوورییەكەی، لەگەڵ ڕوونكردنەوەی ئەوەی هەر دواخستنێك لە هەماهەنگی، دەشێت ‏ببێتە هۆی بڕیاردانی دادگا بۆ قەدەغەكردنی هەناردەی نەوتی هەرێم و بەراوردكردنی بەو ‏لایەنە ئەرێنییانەی لەئاكامی گفتوگۆی نێوان هەردوولا دێنە ئاراوە.‏

بابەتی پێشتر

گەشتەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر ڕاگیران

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكانی بڵاوكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە: نابێت لەپێناو بەرژەوەندیی چەند كەسێك پڕۆسەی چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگە پەكبخرێت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لیوا روكن بەختیار ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەك لە…
Total
0
Share