مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “قەیرانی دارایی هانمان دەدات ئابورییەكی بەهێز بنیادبنێین كە پشت تەنها بە نەوت نەبەستێت و هاوڵاتییان خۆشگوزەران بكات.”
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی تشرینی یەكەم، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەردانی پارێزگای بەسڕە-ی كرد و بەدواداچوونی بۆ كاروباری پارێزگاكە و پرۆژەكان و بەندەرە ئاوییەكان كرد.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی نووسینگەی سەرۆكوەزیران، كازمی ڕایگەیاندووە، “داهاتی دەروازە سنوورییەكان زیادیكردووە و بەندەرەكانیش شادەماری ڕاستەقینەی ژیانی هاوڵاتییانن، ڕێگە بە كەمتەرخەمی و پشتگوێخستنیان نادەین.”
سەرۆكوەزیرانی عێراق لە بەسڕە تاوەرێكی گەورەی بەرهەمهێنانی غازی كردەوە و ڕایگەیاند، “ئەو قەیرانە داراییەی ئێستا وڵات پێیدا گوزەر دەكات، هانمان دەدات بیر لە داهاتوو بكەینەوە، ئابورییەكی ڕاستەقینەی تۆكمە بنیادبنێین كە تەنها پشت بە نەوت نەبەستێت و ژیانێكی باشتر بۆ هەموو عێراقییەكان فەراهەم بكات.”