ئیدارەی گەرمیان: ئاوارەكان ناچار ناكەین كامپەكان چۆڵبكەن

هەرچەندە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە سەرجەم كامپی ئاوارەكان لە عێراق چۆڵبكات و ئاوارەكان بگەڕێنێتەوە زێدی خۆیان، ئیدارەی گەرمیان ڕەتی دەكاتەوە خێزانەكان ناچار بكات كامپەكان جێبهێڵن.

لە ڕاگەیەندراوێكی ئیدارەی گەرمیاندا هاتووە، ئەمڕۆ 5ی تشرینی دووەم، بێستون ژاڵەیی، بەڕێوبەری نوسینگەی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکانی ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ ئاوارە نیشتەجێبووەکانی کامپی قۆرەتوودا کۆبووەوە.

بێستون ژاڵەیی لەکۆبوونەوەکەدا جەختی كردووەتەوە، “ئیدارەی گەرمیان بەھیچ جۆرێک ئەوان ناچار ناکات کامپەکە چۆڵ بکەن و تا ئەوکاتەی بارودۆخێکی باشتر بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان فەراھەم دەبێت دەتوانن لەوێ بمێننەوە و خزمەتگوزارییەکانی لەخۆگرتن و ئاو و کارەبا و دابینکردنی ئاسایشیش بەردەوام دەبێت”.

بەڕێوبەری نوسنگەی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان ئاماژەی بەوەشكردووە، پلانی چۆڵکردنی کامپەکە ھی وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عیراق و unhcr بووە و ئەمان ھەر لەسەرەتاوە ھەڵوێستیان ئەوەبووە کە “ھیچ خێزانێک بەزۆر و ناچاری لە کامپەکە ناگوێزرێتەوە”.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی ئیدارەی گەرمیان، ئاوارەكان ڕایانگەیاندووە، “ئەوان ناوچەکانی خۆیان وێران و پڕمەترسی و نائارامە، بۆیە ھەر لێرە دەمێننەوە”.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، 20ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، “نزیكەی 5 هەزار خانەوادەی ئاوارە سودمەند دەبن لە هاوكاریی دارایی یەك ملیۆن دیناری و 500 هەزار دیناری تایبەت بەو خانەوادانەی دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان”.

وەزارەتەكەی عێراق ئاشكراشیكردووە، “بە ڕێنمایی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێنج كامپی ئاوارەكان لە نزیكترین كاتدا لە سنووری بەغداد و دیالە دادەخرێن”.

بابەتی پێشتر

نیڤادا.. ئەو ویلایەتە بچوكەی دەتوانێت بایدن بكات بە سەرۆك

بابەتی دواتر

قائیمقامی سلێمانی: پێویسته‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی جێبه‌جێ بكه‌ین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

بڕیارە ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئاشكرایدەكات درێژكردنەوەی ئەم خولەی كارەكان و گفتوگۆكردن لەبارەی…
Total
0
Share