كۆمپانیای دانە غاز بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی غازی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئاستێكی پێوانەیی ڕاگەیاند، گەیشتووەتە زیاتر لە 450 ملیۆن پێ چوارگۆشەی ڕۆژانە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كۆمپانیاكە، كە لە هەرێمی كوردستان كاری بەرهەمهێنانی غازی سروشتی دەكات، ڕایگەیاندووە، لە كێڵگەی كۆرمۆری چەمچەماڵ ئاستی بەرهەمهێنانی غازیان بەرزكردووەتەوە و گەیشتووەتە 452 ملیۆن پێ چوارگۆشەی ڕۆژانە.
بەراورد بە ساڵی 2018، ئاستی بەرهەمهێنانەكە 50% زیادیكردووە، وەك ئەوەی دانە غاز دەیڵێت، پلانیشیان هەیە تا مانگی نیسانی 2023، ئاستەكە بگەیەننە 700 ملیۆن پێ چوارگۆشەی ڕۆژانە.
دانە غاز دەڵێت، غازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنن، جگە لە بەرهەمهێنانی غازی ماڵان و بەرهەمە چڕكراوەكان.
قسەكردن لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی غاز لەلایەن كۆمپانیاكەوە لەكاتێكدایە، وەزارەتی كارەبای هەرێم ڕەخنەی ئەوەی هەیە غازی پێویستی بۆ دابینناكرێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، بۆیە كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی كەمن.
هەروەها لە غازی ماڵانیشدا ماوەی چەند مانگێكە ناوبەناو گرفت دروستدەبێت و بڕی غاز كەمدەبێتەوە و هاوڵاتییان بە ئاستەم دەستیاندەكەوێت.