ڕوسیا و ئەمریكا هەوڵی ڕێككەوتن دەدەن

ڕوسیا دەڵێت ئامادەیە كاری زیاتر لەگەڵ ئەمریكادا بكات لەبارەی گەرەنتییە ئەمنییەكان و دووەمیش بەڵێنی بە یەكەمیان داوە وەڵامی پێشنیازەكانی تایبەت بەو گەرەنتییانە بداتەوە.

ماوەیەكە ڕوسیا داوا لە ئەمریكا و وڵاتانی تری خۆرئاوا دەكات، گەرەنتی پێبدەن بەوەی بڵاوكردنەوەی هێزی ناتۆ لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا، هەڕەشە نییە بۆسەر ڕوسیا و ئەو هێزانە زیاتر بەرەو سنووری ڕوسیا ناكشێن، لە بەرامبەردا خۆرئاوا داوا لە ڕوسیا دەكات هێزی زیاتر ڕەوانەی سنووری ئۆكرانیا نەكات و جەنگ لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەڵنەگیرسێنێت.

ئەو دوو داواكارییە، سەریانكێشا بۆ زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەنێوان ڕوسیا و ئەمریكادا.

دوێنێ و پێرێ دوو شاندی ڕوسی و ئەمریكی، لە جنێڤی سویسرا كۆبوونەوە، تاوتوێی پێشنیازەكانی ڕوسیایان كرد كە داوای گەرەنتی لە خۆرئاوا كردبوو، بڕیاریشە سبەی چوارشەممە ئەنجومەنی ڕوسیا – ناتۆ لە جنێڤ كۆببێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەمریكییەكان بەڵێنیان داوە ئەنجامی وتووێژەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوو بدەن بە سەركردەكانیان و لە هەفتەی داهاتوودا بە نووسراو وەڵامی مۆسكۆ بدەنەوە.

هەر ئەمڕۆ ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، مۆسكۆ ئامادەیە لەگەڵ ئەمریكا و خۆرئاوادا لەبارەی گەرەنتییە ئەمنییەكانەوە كاری زیاتر بكات و چاوەڕوانی ئەوەن كارەكان چۆن بەڕێوەدەچن.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی جیهانی: زیاتر لە 50%ی هاوڵاتییانی ئەوروپا تووشی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن دەبن

بابەتی دواتر

مەشهەدانی ڕەوانەی لیژنەی ئاكاری پەرلەمان كرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share