دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەشبینە بە گەیشتن بە رێککەوتنێکی بازرگانیی “باش” لەگەڵ چین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لە سەردەمی جۆ بایدن، هەموو وڵاتان سوودیان لە ئێمە وەرگرتووە و ئێستا شتەکان بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا دەڕۆن.
ئاماژەی بەوەشکرد، “پێموایە لەگەڵ چین دەگەینە رێککەوتنێکی باش، پێشبینیش دەکەین رێککەوتنەکە لە بواری بازرگانیدا بێت، بەڵام ئێمە هیچ پەلەمان نییە”.
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، ماوەی چەند هەفتەیەکە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین، بەتایبەتیش دوای سەپاندنی باجەکان لەلایەن ترەمپەوە، بازاڕی جیهان لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە.