میترۆ: لە كۆنفرانسەكەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان جیاكاری كراوە

بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری “ڕۆژنامەنووس مافی ئامادەبوونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە”

سەنتەری میترۆ لەبارەی جیاكاریی بەرامبەر میدیاكاران ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و دەڵێت، لە كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەكەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان جیاكاری كراوە كە بە “یاساشكێنی” ناویدەبات.

دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا، كۆمەڵێكی زۆر لە میدیاكارانی هەرێمی كوردستان ئامادەیبوون، بەڵام نەیانهێشت هەردوو كەناڵی ڕووداو و ئێن ئاڕ تی بەشداریبكەن.

وتیشی، بەپێی ماددەی 7/ چوارەم لە یاسای ڕۆژنامەگەری “ڕۆژنامەنووس مافی ئامادەبوونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە” جا بە یاسا بێت، یان بەو بانگهێشتنامە بێت كە ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان “بۆ میدیاكارانی ئازیز”ی ناردووە، دەبوو كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكە بۆ هەمووان بێت، نەك جیاكاری بكرێت.

دیاری محەمەد دووپاتیشیدەكاتەوە، لەو كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، هەردوو یاسای زانیاری و ڕۆژنامەگەری بە ئارەزووی خۆی و فەرمانگەكەی تەفسیركرد، كە دەقەكانی هەردوو یاساكە جێگەی تەفسیركردن نین.

سەنتەری میترۆ پێیوایە ڕێگرییەكە “هیچ پاساوێكی نییە، جگە لەوەی یاساشكێنی لای هەندێ كەسایەتیی ڕەسمی، وەك ئاو خواردنەوە ئاسانە”.

بابەتی پێشتر

دوای خۆپیشاندانێك بەڵێنی چارەسەری داواكارییەكانی كاسبكارانی مەخمور درا

بابەتی دواتر

هاتوچۆ لەبارەی گرێبەستە كۆنەكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ڕوونكردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share