پزیشکانی زانکۆی ماریلاند توانییان سەرکەوتن بەدەستبهێنن لە نەشتەرگەریی چاندنی دڵی بەراز بۆ نەخۆشێک، کە لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکاندا بووە و ماوەی سێ ڕۆژە بە دڵی بەرازەکەوە دەژی.
پزیشکانی ناوەندی پزیشکیی ماریلاند لە زانکۆی ماریلاندی ئەمریکی ڕایانگەیاند، لە یەکەم ئەزموونی پزیشکیدا توانیویانە نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی چاندنی دڵی بەراز بۆ مرۆڤ ئەنجامبدەن، ئەمەش یەکەم ئەزموونی چاندنی دڵی ئاژەڵە بۆ مرۆڤ، کە کەسی وەرگر بتوانێت بژی بەبێ ئەوەی جەستەی ڕەتکردنەوەی خێرای بۆ ئەندامە بێگانەکە هەبووبێت.
پزیشکەکان دوای ئەوەی دڵی دیف بێنیت-یان دەرهێناوە، کە نەخۆشێکی بەشی چاودێریی چڕ بووە و پێویستی بە نەشتەرگەریی چاندنی دڵ هەبووە، دڵی بەرازێکی تەمەن یەک ساڵیان بۆ چاندووە، کە لە تاقیگەکانیاندا بەتایبەت بۆ ئەو مەبەستە پەروەردەکراوە.
بێنیت بەر لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەی وتی، “من یان دەبێت بمرم یان ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجام بدەم، من دەمەوێت بژیم، کەواتە ئەوە دوایین بژاردەمە”.
لە شەوی سەری ساڵی نوێدا ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی ڕێگەیدا نەشتەرگەرییەکە بۆ ئەو نەخۆشە ئەنجامبدرێت، لەکاتێکدا هیچ هیوایەک بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی ئاسایی نەمابوو.
دکتۆر بارتلی گریڤیس، ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی ئەنجامداوە دەڵێت، “ئەو نەشتەرگەرییە هیوایەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی ئەندامەکانی جەستە”.
پێشتر لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا بۆ یەکەمجار پزیشکانی ئەمریکی توانییان گورچیلەی بەراز بۆ نەخۆشێک بچێنن، بێ ئەوەی جەستەی مرۆڤەکە ڕەتیبکاتەوە.