پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە بەغداد دووپاتیدەكاتەوە، یەكێتی یەك كاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەویش دكتۆر بەرهەم ساڵحە، بۆیە لێدوانی پەرلەمانتارێكی پارتی لەبارەی بوونی دوو كاندید ڕەتدەكاتەوە.
مەهدی كەریم، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاندووە، پارتی و یەكێتی ڕێككەوتوون لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار، بەشێوەیەك، یەكێتی دوو كاندید پێشكەشدەكات بۆ پۆستەكە.
بەوتەی پەرلەمانتارەكەی پارتی، پرسی دوو كاندیدییەكە، لای كورد و ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانیی تەقەدومی حەلبووسی یەكلابووەتەوە.
بەڵام هەرێم كەمال ئاغا، پەرلەمانتاری یەكێتی لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا قسەكانی پەرلەمانتارەكەی پارتیی ڕەتكردەوە بەوەی یەكێتی دوو كاندیدی هەبێت.
هەرێم كەمال ئاغا دووپاتیكردەوە، یەكێتی تەنها یەك كاندیدی هەیە، ئەویش دكتۆر بەرهەم ساڵحە.