بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکی بەبۆنەی کۆچی دوایی قادری حاجی عەلییەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، دوای دروستبوونی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان کەسایەتیەکی کاریگەری سیاسیی و پاڵپشتیکاری بەهێزکردنی بەرەی چاکسازی و گۆڕانکاری و چاکەی گشتی بووە.
لە ڕاگەیەنراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، ” خوالێخۆشبوو قادر حاجی عەلی، جگەلەوەی لە خەباتی چەکداری و لەناو کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرکردە و کەسایەتیەکی دیار بووە، لە کۆتایی (2006)یشدا هاوشانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە بەرەی ریفۆرمی سیاسیی بووە. هەروەک لە دروستبونی یەکەمین ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان و بەدرێژایی ئەو ماوەیەی کە کاری لەناو بزوتنەوەکەدا کردووە وەک سەرکردەیەکی دیار بەوپەڕی تواناوە کاری بۆ سەرخستنی پەیامی سیاسیی و بەهێزکردنی بزوتنەوەکە کردووە”.
بەیانی ئەمڕۆ 10ی تشرینی دووەم قادری حاجی عەلی، کەسایەتی دیاری سیاسی شۆڕشی نوێی کوردستان لە تەمەنی 65ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
هەر بەو بۆنەیەوەهەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکدا بەهۆی مردنی قادری حاجی عەلییەوە سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە پارێزگاکە ڕاگەیاند.